كارتێكی تایبەت بۆ فەرمانبەران دروست دەكرێت و مانگانە مووچەی پێوەردەگرن


وێستگه‌ نیوز ـ
به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك كارتێكی بۆ دروست ده‌كرێت كه‌ مانگانه‌ی به‌و كارته‌ ده‌توانێت مووچه‌كه‌ی وه‌ربگرێت.


هیوا فەرزندە ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیاو زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان به‌ هه‌فته‌نامه‌ی باسی راگه‌یاند، كارتێكی تایبەت بۆ هەموو فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت، كه‌ مانگانه‌ ده‌توانێت به‌و كارته‌ مووچه‌ وه‌ربگریت".

وتیشی: "لەسەر كارتەكە ژمارەی  كەسی فەرمانبەر چاپ دەكرێت كە هەر فەرمانبەرێك ژمارەیەكی بێ هاوتای هەیە كە ئەو كارتە سۆشیالەی كە لە دەرەوەی وڵات هەیە ئەو ژمارەیە تایبەتیە ناونیشانی ئەلیكترۆنی ئەو كەسە دەبێت، لە نێو كارتەكە بە ئەلیكترۆنی هەموو زانیاریە كەسی و تایبەتیەكانی فەرمانبەرە لەسەر سیم كارتێك تێدا دەبێت".

روونیشیكردەوە، بە پێی ئەو كارتە پێویست ناكات ناو و رەگەز و شوێنی كارو لە كەسە بپرسرێت چونكە هەمووی هەیە، وتیشی: "لە رێگەی ژمارەی تایبەتی بێ هاوتای فەرمانبەر هەموو خزمەتگوزاریەك كە فەرمانبەر پێویستی بێت دەست نیشان دەكرێت".

لە پرۆژەی بایۆمەتری زیاتر لە ملیۆنێك و 206 هەزار مووچەخۆر تۆماركراون كە لەو ژمارەیە نزیكی 700 هەزاریان فەرمانبەرن.

ئەفەندی جەختی كردەوە هەموو زانیاری فەرمانبەران و مووچەخۆران لای ئەوان هەیە چونكە لە تۆماری بایۆمەتری ئاماژەی بۆ كراوە، وتیشی: "ناوی فەرمانبەر و ناوی  باوك و دایكی و ساڵی لە دایكبوون و رەگەز و شوێنی كاركردنی هەمووی لای ئێمە هەیە لەگەڵ پەنجەمۆری هەر 10 پەنجە و گلێنەی چاوی".

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیاو زانیاری ئاشكراشیكرد، كە ئەگەری زۆرە وەجبە وەجبە چەند وەزارەتێك ئەو كارتانەی فەرمانبەرانیان بۆ دورست بكرێت، وتیشی: "ئەگەرچی پلانی كارەتەكە لە بەردەستە و ئامادەیە بەڵام ئالیەتی چۆنیەتی كارەكە دیاری نەكراوە، هەموو زانیاریەكی فەرمانبەرانمان لە لایە پێویست بە هاتنی فەرمارمانبەرەكە ناكات، ئەگەر بۆ وێنەیەكی جوانتر بانگ بكرێت، ئەگەرچی تاوەكو ئێستا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە وێنەی كەسەكە لەسەر كارتەكە هەبێت یاخود نا، ئەگەر پێویست بێت ئەوە بانگی فەرمانبەر دەكرێت بۆ وێنەگرتن".

هیوا ئەفەندی روونیشی كردەوە، ئەو كارتە دەبێتە ناسنامەی ئەلیكترۆنی فەرمانبەران لای حكومەت و دەتواندرێت چەندین كاری پێ بكرێت، "بۆ نمونە فەرمانبەرێك بچێتە بانك مووچە وەربكرێت دەتوانێت بەو كارتە مووچەی خۆی وەربگرێت، هەروەها دەشتواندرێت ژمارەی تایبەتی كەسی وەك ژمارەی بانكی ئەو كەسە بەكاربهێندرێت بۆ كاروباری پارە تەحویلكردن و وەرگرتنی پارە لە رێگەی ئەلیكترۆنی".

جەختی كردەوە لە وڵاتانی ئەوروپی ئەو كارتە بۆ هەموو كەسێك دروستكراوە، دەشڵێت: "پڕۆژەی بایۆمەتری جۆرێكە بۆ دروستكردنی ئەو كارتە تەنها بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران دەشكرێت لە داهاتوو بۆ هەموو هاوڵاتیاك دروست بكرێت".

ئەوەشی راگەیاند، بەم زوانە ئەنجومەنی  وەزیران لەگەڵیان كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر قۆناخی دووەمی بایۆمەتری دەدات كە ئەویش سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەكان لەگەڵ  گەنجینەكان لیستی مووچەیان بە شێوەی ئەلیكترۆنی دەببێت و لیستی كۆن نامێنێت.

هــ. ر


PM:02:22:17/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 31882 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو