هاتوچۆی هەولێر: کۆمەڵێک لیست و کاندید هێماکانی هاتوچۆیان بە پۆستەرەکانیان شاردووەتەوە
وێستگه نیوز ـ
هاتوچۆی هەولێر ئاشکرایدەکات ژمارەیەک لیست و کاندید بە پۆستەرەکانیان هێماکانی هاتوچۆیان شاردووەتەوە و هەڕەشەی ئەوەش دەکەن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو کارەدا سکاڵا دژ بەو لیست و کاندیدانە تۆماردەکەن.
هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، لە یه‌كه‌م رۆژی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنەوە بۆ په‌رله‌مانی عیراق له شاری هه‌ولێر، كۆمه‌ڵێك سه‌رپێچی له رێنماییه‌كانی كۆمسیۆن و لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای هه‌ولێر، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك کاندید و لیست و قه‌واره‌کانەوە ئه‌نجامدراون ئه‌ویش به هه‌ڵواسینی وێنه‌ی كاندیده‌كان بوو به هێماكانی هاتوچۆ و ترافیك لایته‌كانەوە.
ڕاشیدەگەیەنن، هاتوچۆی هه‌ولێر هه‌ندێك له‌و سه‌رپێچییانه‌ی به دۆكیۆمێنت تۆماركردووه و وێنەیانگرتون و هه‌ندێكیان لابردووه، بەڵام پەنامان نه‌بردووه بۆ سكاڵا تۆماركردن و ئاگاداركردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن بۆ سزادانی ئه‌و كاندیدانه.
هاتوچۆی هەولێر هۆشداری ئەوە دەدات، به دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رپێچییانه به مافی خۆیانی ده‌زانن كه له‌دوای لابردنی سه‌رپێچییه‌كان هه‌موو رێكاره یاساییه‌كانیش بگرنه‌به‌ر بۆ سزادانی سه‌رپێچیكاران.
داواش له سه‌رجه‌م لیست و قه‌واره و كاندیده‌كان ده‌كه‌ن كه‌وا خۆیان به‌دووربگرن له هه‌ڵواسینی وێنه و لۆگۆ به هێماكانی هاتوچۆ به هەموو شێوەیەک.
لە دوێنێوە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دەستیپێکردووە و کۆمسیۆن و یەکە ئیدارییەکانیش چەندین رێنماییان بۆ ئەو مەبەست دەرکردووە.
هــ. ر
PM:01:46:16/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 1888
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت