‌مووچەی زیاتر لە 90 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان زیاد كرا

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی نیسانی 2018، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیاری زیادكردنی مووچەی بەشێكی زۆری كەم ئەندامانی داوە.


ئارام حاتەم، بەڕێوەبەر لە وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە ماڵپه‌ری باسنیوزی نزیك له‌ پارتی راگەیاند: " دوای ئەوەی ئەمرۆ 15ی نیسان  لەگەڵ وەزارەتی  دارایی كۆبوینەوە بڕیاردرا مووچەی 85%ی كەم ئەندامان زیاد بكرێت".

وتیشی: "مووچەی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت ئەوانەی فەرمانبەرنین لە 90 هەزار دینارەوەكرا بە، 120 هەزار دینار، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەرن وەك خۆی دەمێنێتیەوە بە 60 هەزار دینار".

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌: "مووچه‌ی ئەو مانگە كە لە رۆژی سێشەمە دابەش دەكرێت بەم جۆرە دەبێت كە بڕیاری لێدراوە به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش ده‌كرێـت".
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئاشكراشی كرد، ئەوانەی مووچەی كەمئەندامیان هەیە و فەرمانبەر نین ژمارەیان نزكه‌ی 90 هەزار كەسە كە دەكاتە 85%ی كۆی كەم ئەندامان.

ئارام حاتەم ئەوەشی خستەروو لە هەوڵدان بۆ مانگەكانی داهاتوو مووچەی كەم ئەندامان بەگشتی 100 هەزاری و 150 هەزار دیناری بێت.

وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە رۆژی سێشەمە 17ی نیسانی 2018 مووچەی کەمئەندامان دابەش دەکرێت.

هــ. ر


PM:09:05:15/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 13937 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو