‌ئه‌مریكا مه‌رجی‌ وتووێژی‌ له‌گه‌ڵ‌ رژێمی‌ سوریا ئاشكرا كرد

وێستگه‌ نیوز –
 وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ئاماده‌یه‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ سوریا بكات گه‌ر چه‌كه‌ كیمیاییه‌كانی‌ ئاشكرا بكات.

هێزه‌ر نوێرت وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ‌ كه‌ناڵی‌ "فۆكس نیوز" وتی‌: "رژێمی‌ سوریا ئه‌و مه‌رجه‌ جێبه‌جێ‌ بكات، هانی‌ لایه‌نی‌ ئه‌مریكا ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ژنێف ده‌ست به‌ وتووێژه‌كانی‌ بكاته‌وه‌".

دوێنێ‌ شه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا "پنتاگۆن" رایگه‌یاند كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌یان بۆسه‌ر سوریا، ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا ژماره‌یه‌ك بنكه‌ و باره‌گای‌ سه‌ربازییان له‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌خت و چوارده‌وری‌ به‌ئامانج گرتووه‌.

جه‌یمس ماتیس وه‌زیر به‌رگری‌ ئه‌مریكا وتی‌: "هێرشه‌كان سه‌عات 2 به‌كاتی‌ له‌نده‌ن ئه‌نجام دراون و سێ‌ بنكه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ به‌رنامه‌ی‌ رژێمی‌ سوریا بۆ چه‌كی‌ كیمیایی بۆردوومان كراون و نزیكه‌ی‌ 50 ده‌قیقه‌ی‌ خایاندووه‌".

به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ 100 بۆ 120 مووشه‌ك ئاڕاسته‌ی‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ سوریا كراون.

ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو كه‌ فڕۆكه‌ی‌ میراجی‌ فه‌ڕه‌نسی‌ و تۆڕنادۆی‌ به‌ریتانی‌ و مووشه‌كهاوێژی‌ (B1)ی‌ ئه‌مریكی‌ و كه‌شتییه‌كی‌ جه‌نگی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ ده‌ریای‌ سوور به‌شداری‌ هێرشه‌كه‌یان كردووه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ جه‌نه‌ڕاڵ‌ جۆزێف دانفۆڕد سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ ئه‌ركانی‌ هاوبه‌شی‌ ئه‌مریكا وتی‌: "یه‌كه‌م هێرشی‌ مووشه‌كی‌ بۆسه‌ر ناوه‌ندێكی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ له‌ دیمه‌شق ئه‌نجام دراوه‌ (ناوه‌ندی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ له‌ برزه‌)" كه‌به‌پێی‌ زانیاییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان رۆڵی‌ هه‌بووه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ چه‌كی‌ كیمیایی.

وتیشی‌: "هێرشی‌ دووه‌م بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ هه‌ڵگرتنی‌ چه‌كی‌ كیمیایی له‌ رۆژئاوای‌ حمس ئه‌نجامدراوه‌ و هێرشی‌ سێیه‌م بۆسه‌ر ناوه‌ندێكی‌ هه‌ڵگرتنی‌ كه‌لوپه‌لی‌ كیمیایی و یه‌كێك له‌ سه‌نته‌ره‌كانی‌ فه‌رمانده‌یی گشتی‌ بووه‌".

جه‌نه‌ڕاڵ‌ جۆزێف دانفۆڕد ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "هه‌موو ژێرخانه‌كانی‌ سوریا له‌ناوبران ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆی‌ له‌ده‌ستدانی‌ توانای‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ كیمیایی له‌لایه‌ن رژێمی‌ سوریا و توانای‌ په‌ره‌پێدانی‌ ئه‌و چه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌دات".

سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ ئه‌ركانی‌ هاوبه‌شی‌ ئه‌مریكا پرۆسه‌كه‌ی‌ به‌ هێرشێك بۆ یه‌كجار وه‌سف كرد و رایگه‌یاند كه‌ هیچ راپۆرتێكیان ده‌رباره‌ی‌ بوونی‌ زیان له‌ ریزی‌ هاوپه‌یمانان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌.

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ ته‌نها له‌ڕێی‌ مووشه‌كی‌ ئاسمان- زه‌وی‌ رژێمی‌ سوریا به‌رگری‌ هه‌بووه‌ و هێرشه‌كه‌ش به‌بێ‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ روسیا ئه‌نجام دراوه‌.


AM:09:44:15/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 2457 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌





زۆرترین خوێندراو