ئه‌مجاره‌ ئه‌مریكا روسیای ڤیتۆ كرد


وێستگه‌ نیوزـ

بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکەی سەر سوریا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای روسیا كۆبوه‌وه‌ و تیایدا ئه‌مریكا رەشنوسی پڕۆژەبڕیارێکی روسیای ڤیتۆ كرد و دەنگی پێویستی نەهێنا.

روسیا رەشنوسی پڕۆژەبڕیارێکی کورتی ئامادەکردبوو، رووداوی کۆپییەکی رەشنوسی پڕۆژەبڕیارەکەی دەستکەوتوە و، تێیدا روسیا بەکورتی ئیدانەی هێرشەکەی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا دەکات و بە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان ناویدەبات.

کۆبونەوەکە بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا داواکرابوو، پاشان ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی روسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایش داوای بەستنی کۆبونەوەکەی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پێویستە ئەندامانی ئەنجومەن لەم بارودۆخە سەختەدا دان بە خۆیاندا بگرن، ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین میلیشیا و سەرباز بەشداری لە شەڕی بە وەکالەت دەکەن لە سوریا.

هاوکات نوێنەری ڕوسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، چالاکی دەستدرێژی لە سوریا بووەتە هۆی زیاتربوونی زیانی مرۆیی، وتیشی، دەکرێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کۆتایی بە قەیرانی سوریا بهێنن بە وەستانی هاوکارییەکانیان بۆ تیرۆرستان، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا دەیانەوێت سوریا پارچەپارچە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە نیکی هەیلی نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هێرشەکان بەهۆی بەرنامە نایاساییەکەی ڕژێمی سوریاوە بوو بۆ چەکی کیمیایی، "زیاتر لە هەلێکی دیپلۆماسیمان پێشکەش کرد، بەڵام ڕوسیا زیاتر لە شەش جار ڤیتۆی کرد."

نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، هێرشە سەربازییەکان سنوردار و سەرکەوتوو بوون، نوێنەری فەڕەنساشئاماژەی بەوە کرد، پاریس داوای هەڵوێستی توندی کرد دژی ڕەفتارەکانی ڕژێمی سوریا، وتیشی "ڤیتۆکەی ڕوسیا ناپاکی بوو بەرامبەر بەڵێنەکەی مۆسکۆ بۆ تێکشکانی چەکە کیمیاییەکانی ڕژێمی سوریا."

به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ 14ی نیسانی 2018، ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا لە هێرشێکی هاوبەشدا زیاتر لە 100 موشەکیان ئاڕاستەی‌ بنکە سەربازییەکانی‌ سوریا کرد کە بە وتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرشەکە بە سەرکەوتویی ئەنجامدراوە و بە باشترین شێوە ئامانجەکانیان پێکاوە.


PM:08:43:14/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 6774 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو