ئەو پیاوە ئێرانییەی حکومەتی عێراقی گەڕاندەوە بۆ کەرکوک
حاجی عەلی ئیقباڵپوور لە ساڵی ٢٠١٤وە بەردەوام پێیەکی لە عێراق بە تایبەت کەرکوکدایە.. گرافیک: مەکتوب
وێستگه نیوز - ماڵپه‌ڕی مه‌كتوب
کاتێک هەولێر و بەغدا مشتومڕیان بوو لەسەر گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بۆ کەرکوک لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، پیاوێکی ئێرانیی بە خشکەیی هەموو نەخشەکانی چۆنێتی گەڕانەوەی دەسەڵاتی مەرکەزیی بۆ کەرکوک داڕشتبوو سا ئیتر بە رێککەوتنبێ یان بە شەڕ. ئەویش حاجی عەلی ئیقبالپوورە کە لەناو دۆستە عێراقییەکانیدا بە "ئاغای ئیقباڵی" ناو دەبرێت.
ئیقباڵپوور ئێستا تەمەنی لە سەرووی شەست ساڵانەوەیە و مووەکانی سەری خەریکە بە تەواوی سپی دەبن، بەڵام ئەو کاتێک ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە راسپێردرا کە سەرپەرشتی کاروباری ئەو کوردە عێراقییانە بکات کە بەهۆی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و هێرشکردنە سەر بارەگای سەرکردایەتی ی.ن.ک لە ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو چوونەتە ناو ئێرانەوە، هێشتا گەنج بوو. بەڵام ئەم ئاشنایی و دۆستایەتییە لە هەستیارترین قۆناغدا پێچەوانە بوویەوە و بەهۆی نەخشە و پلانەکانی ئەوەوە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا دەسەڵاتی کورد لە کەرکوک دوور خرایەوە.
سەبارەت بە ئەرک ورۆڵی ئیقباڵپوور لەناو سوپای پاسدارانی ئێرانی‌دا کە بەشی زۆری تەمەنی لەو سوپایەدا بردووەتەسەر، زانیارییەکی ئەوتۆ لە بەردەستدا نییە و میدیا ئێرانییەکانیش بە دەگمەن باسی دەکەن، بەڵام بەرپرس و فەرماندەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە کەرکوک، زۆر باش کەسایەتی ئیقباڵیپوور دەناسن و چەندینجار پێکەوە دانیشتن وکۆبوونەوەیان هەبووە.
ئەگەر پەیجەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی نەبن، ئەوا هەرگیز وێنەی ئەو پیاوە ئێرانییە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە هەمیشە پێیەکی لە عێراق بە تایبەت لە کەرکوک بووە، نە دەبینرا. چونکە بۆ ئەو "پاراستنی هەیمەنە و دەسەڵاتی تورکمانە شیعەکان و حکومەتی ناوەند لە کەرکوک لە پێشی هەموو شتەکانی ترەوەیە" بۆیە هه‌میشه وێنه نوێیه‌كانی ئیقباڵپوور له‌رێی په‌یجی فه‌رمانده باڵاكانی حه‌شدی شه‌عبی له كه‌ركوك بڵاوده‌كرێنه‌وه.
ئیقباڵپوور هه‌میشه به جلێكی سه‌وزبا‌وی سەربازییەوه دەردەکەوێت، شاره‌زایی باشی لە جوگرافیای هەرێمی كوردستان و ناوچه جێناكۆكه‌كان هەیە. تاڕادەیەکی زۆر دەتوانێ بە زمانی كوردی قسە بکات.
بەر لە رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، ئەو کاتەی سوپا و حکومەتی عێراق دەسەڵاتیان لە کەرکوک لاوازبوو هەروەها هێزی هاوپه‌یمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات، بنكه و باره‌گه‌یان لە کەرکوکدا هەبوو، ئیقباڵپوور بە ئاسانی و بە ئاشكرا لەو ناوچانە تەراتێنی دەکرد و وێنەكانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده باڵاكانی حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌دا بڵاو ده‌كرایه‌وه.
بەگوێرەی قسەی ئەو پێشمەرگە و فەرماندانەی کورد کە لە نزیکەوە ئیقباڵپووریان بینیوە بۆ ماڵپه‌ری مه‌كتوب "ئەو پیاوە ئیرانییە هەمیشە بایەخی دەدا بە تورکمانە شیعەکانی ناو کەرکوک و ئەو پشتیوانیانەی نەشاردووەتەوە. هەروەها دەیوت کە زۆر ستەم لە تورکمانی شیعە کراوە لەلایەن هێزە عێراقییەکان وگروپە چەکدارەکانەوە. بۆیە کورد و پێشمەرگە خۆشیان لە دیدار و قسەکانی نەهاتووە."
بۆ سه‌ركرده‌ی توركمانه شیعه‌كان لە کەرکوک و خورماتوو، ئیقباڵپوور "پارێزه‌ری پاراستنی توركمانه‌كانی كه‌ركوك و خورماتووە چونکە کاریگەریی زۆری هەبووە لە پاراستنی فەرماندە و چەکدارانی حەشدی شەعبی" ئەمە وەکو لە بەیاننامەیەکی (ئه‌بو مسته‌فا ئیمامی) یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری باشووری حه‌شدی شه‌عبی که ناوەڕاستی مانگی ئه‌یلولی ٢٠١٧ بڵاویكرده‌وه.
هه‌روه‌ها رۆژی ١٤ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ پەیجی فەرمی (فه‌رمانده‌یی عه‌باس قیتالی) لە حەشدی شەعبی وێنەیەكی سێ سه‌ركرده‌ی حه‌شد و ئیقباڵپووری بڵاو كرده‌وه كه لەسەری نووسرابوو "كەركوكییەكان چاوه‌ڕوان بن به‌منزیكانه ئاڵای حكومەتی فیدراڵ له ته‌واوی فه‌رمانگه‌كان به شكۆوه هه‌ڵده‌درێت و ده‌سه‌ڵات بۆحكومه‌تی ناوه‌ند ده‌گه‌رێته‌وه"
وه‌ستا ره‌سوڵ فه‌رمانده‌ی پێشمەرگە لە كه‌ركوك له دیدارێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ حەفتەنامەی (هەواڵ) کە لە کەرکوک چاپ دەکرێت، سەبارەت بە رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و رۆڵی ئیقباڵپوور دەڵێ: " حاجی ئیقباڵپوور وتی دێمه لات، من و جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتا و لیوا روكن مه‌ریوان فه‌رمانده‌ی لیوای پشتیوانیی دوو له‌گه‌ڵ ئیقباڵپوور دانیشتین. ئەوان كه هاتن ١٢ كه‌س بوون، تەنیا یەکێکیان عێراقی بوو! كه‌وابێت ئێمه له‌گه‌ڵ ئێرانییەکان دانوستان ده‌كه‌ین. ئیقباڵپوور پێیوتین ئێوه دۆستی ئێمه‌ن هاتووین پێتانبڵێن كه عێراق هێرش ده‌كات بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرکوک جا به‌خۆشیی بێت یا ناخۆشیی ئەوا راناوه‌ستێت. بۆیە ئێوە له‌و ناوچه‌نه‌ی حكومه‌تی عێراق داوای ده‌كات بكشێنه‌وه."
دوای کۆبوونەوەی فەرماندەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ئیقباڵپوور، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا په‌یوه‌ندی به ئاسۆ مامه‌ند به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی ی.ن.ک لە كه‌ركوكەوە ده‌كات و پوختەی قسەکانی ئیقباڵپووری پێ راده‌گه‌یه‌نێ کە داوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ده‌كات. به‌ڵام ئاسۆ مامه‌ند رەتی دەکاتەوە پێشمه‌رگه بكشێته‌وه، ئەگەر هەر سوورن لەسەر ئەوەی بە شەڕ بیگرنەوە، "ئەوا با به‌سه‌ر لاشه‌ی ئێمه‌دا بڕۆن" ئه‌م وەڵامەی بەرپرسەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێتە مایەی نیگه‌رانی ئیقباڵپوور.
ئامادەیی ئیقباڵپوور لە کەرکوک بە تایبەت لەسەر وەختی رووداوەکانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، شتێک نەبوو لای میدیا و رۆژنامەنووسانی ئەمریکی و رۆژئاوایی شاراوەبێ، هەربۆیە لە چەندین وتاردا دژی ئەو پیاوە ئیرانییە وەستانەوەو داوایان کرد کە ئیقباڵپوور لەو ناوچانە دوور بخرێتەوە و کۆتایی بە رۆڵی بهێنن.
ھێنری لیڤی، نووسەرو فیلمسازی ناوداری فەرەنسی دوای پێنج رۆژ له رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر لە وتارێكدا دەڵێ: "شەوی پێش کەوتنی کەرکوک ئەفسەرێکی ئێرانیی بەناوی ئیقباڵپوور لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا ھەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر کەرکوک نەدەن بەدەستەوە ئەوا ھێرشتان دەکەینەسەر".
هەروەها مارك ئۆلا نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریكی له وتارێكدا كه له ٢٩ ی ئۆكتۆبه‌ر بڵاویكرده‌وه داوا له كۆشكی سپی ده‌كات فشار له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئێرانییەكان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئیقباڵپوور عێراق جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ئێران .
بەڵام ئێستا دوای نزیکەی شەش مانگ لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، هێشتا رۆڵی ئیقباڵپوور کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکانی لە کەرکوک و خورماتوودا، ئەمجارە دەیەوێ هێزە کوردییەکان بگێڕێتەوە بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەڵام هەرگیز بەو دەسەڵاتەوە نا کە پیش ١٦ی ئۆکتۆبەر هەیان بوو.
سەرەتای مانگی ئازاری ئه‌مساڵ له شاری سلێمانی، ئیقباڵپوور لەگەڵ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیداری کردووە و به‌ڵێنی ئەوەی بە ی.ن.ک داوە کە ئامادەکاریی وئاسانکاریی دەکات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ده‌وربه‌ری كه‌ركوك و پێدانه‌وه‌ی باره‌گه‌كانی یه‌كێتی له خورماتوو. دوای ئەو کۆبوونەوەیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەڕایەوە بۆ خورماتوو. ئەمەش نیشانی دەدات کە هێشتا هەژموونی حاجی عەلی ئیقباڵپوور بەسەر کەرکوک و دەوروبەریدا ماوە.
AM:11:59:10/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 10060
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت