چاره‌نوسی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام به‌كوێ گه‌یشت
وێستگه نیوزـ
له‌دیارترین ئه‌و دیمه‌نانه‌ی له بیروه‌ریی خه‌ڵكدا ماوه‌ته‌وه و له مێژوشدا هه‌ڵده‌گیرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی كه هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ساڵی 2003 هاتنه‌ناو به‌غدا، خستنه‌خواره‌وه‌ی په‌یكه‌ره زه‌به‌لاحه برۆنزییەكه‌ی سه‌دام حسێنه كه له 9ی نیساندا له گۆڕه‌پانی فیرده‌وس و له‌نێو هه‌لهه‌له و خۆشیی عیراقییه‌كاندا خرایه خواره‌وه.
دوای تێپه‌ڕبونی 15 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌دا، زۆرێك پرسیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام حسێن ده‌كه‌ن و ده‌پرسن ده‌بێت ئێستا له‌كوێ بێت، راپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و په‌یكه‌ره هه‌ڵوه‌شێنراوه و ئێستا هه‌ر پارچه‌ی له شوێنێكه.
قاچی چەپی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام لای کێیە
پێگه‌ی گۆڤاری نیوزویكه‌ر-ی ئه‌مریكایی له‌و چیرۆكه‌دا ده‌ڵێت كه سه‌ره‌تا قاچی چه‌پی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام له نسیبی بازرگانێكی كه‌لوپه‌لی مێژوویی ئه‌ڵمانی بوه به‌ناوی كای كۆبۆڵد، كۆبۆڵد ته‌مه‌نی 34 ساڵه و گه‌لێك كه‌لوپه‌لی ده‌گمه‌نی ناوداره‌كانی جیهانی كۆكردوه‌ته‌وه، یه‌كێك له‌وانه پارچه موزیكێكی ده‌ستنوسه به ده‌ستوخه‌تی مۆزارت.
كۆبۆڵد قاچی چه‌پی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دامی له ته‌نیش پیانۆیه‌كی سپییه‌وه داناوه و وتویه‌تی "زۆر خۆشم ده‌وێت" به‌ڵام دواجار بڕیاریاوه له پێگه‌ی ئی به‌ی به 100 هه‌زار یۆرۆر بیفرۆشێت.
ده‌شتوترێت پێش ئه‌وه‌ی قاچی چه‌پی په‌یكه‌ره‌كه بگاته كۆبۆڵد، چه‌ند ده‌ستێكی دیكه‌ی كردوه، له‌وانه چه‌ند به‌ڵێنده‌رێكی به‌ریتانی كه له عیراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه، پاشان پیاوێكی ئه‌ڵمانیی خه‌ڵكی شاری دویسبۆرگ كه چه‌ند هه‌زار یۆرۆیه‌كی پێداوه، له‌وباره‌یه‌وه گۆڤاری ستیرن-ی ئه‌ڵمانی ناوی ئه‌و كه‌سه‌ی ئاشكرا نه‌كردوه و وتویه‌تی موسڵمانێكی زۆر له‌و شاره‌دا ده‌ژین و پیاوه‌كه نه‌ویستوه ناوی ئاشكرا بكات.
گۆڤاری نیوزویكه‌ر باسی له پیاوێكی نه‌ناسراوی دیكه كردوه كه ویستویه‌تی له پێگه‌ی ئۆزبۆ-وه ئه‌و قاچه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام بفرۆشیت، دوای هاككردنی و بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ش له میدیاكان، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان كردوه‌ته‌وه و دواتر پشتگوێ‌یان خستوه، له‌دوا وێستگه‌شدا قاچه‌كه كه‌وتوه‌ته لای كۆبۆڵد، ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌ڵێت ساڵی 2004 كۆبۆڵد به بڕی 10 هه‌زار یۆرۆ له پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی كڕیوه، چونكه ژنی پیاوه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه بێزار بوه له بونی ئه‌و قاچه‌ی په‌یكه‌ره‌كه له ماڵه‌كه‌یدا.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه دوای ئه‌وه‌ی كۆبۆڵد له‌پێگه‌ی ئی به‌ی پارچه په‌یكه‌ره‌كه‌ی فرۆشتوه، ئێستا لای بازرگانێكی دیكه‌ی كه‌لوپه‌لی كه‌له‌پوریی ئه‌ڵمانییه و ئه‌و له ژوری ناونخواردنه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی دایناوه، وتوشیه‌تی: "هه‌ركات داوایه‌كی باش و گرانم بۆ بێت، دوباره ده‌یفرۆشمه‌وه".
په‌یكه‌ره برۆنزییه‌كه‌ی سه‌دام حسێن هه‌ر له گۆڕه‌پانی فیرده‌وس و له رۆژی كه‌وتنی رژێمه‌كه‌یدا پارچه پارچه كرا و له‌وكاته‌دا كامێرا‌كان هاوێنه‌كانیان خسته‌سه‌ر پیاوێك كه سه‌ری په‌یكه‌ركه‌ی سه‌دامی لێكردبوه‌وه و به شه‌قامه‌كه‌دا رایده‌كێشا، ساڵی 2011ش سه‌ربازێكی به‌ریتانی كه گه‌ڕابوه‌وه وڵاته‌كه‌ی ویستبوی به‌شێك له به‌شی پشته‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام بفرۆشێت، به‌ڵام له هه‌وڵه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
نوسه‌رێك به‌ناوی فلۆریان گوتكی، وتویه‌تی كه له‌كاتی گه‌ڕان به‌دوای زانیاری‌دا بۆ ده‌ركردنی كتێبێك له‌سه‌ر په‌یكه‌ره‌كانی سه‌دام حسێن له ساڵی 2010، ئیمه‌یڵێكی له سه‌ربازێكی پیاده‌ی ده‌ریایی ئه‌مریكاوه پێگه‌یشتوه و پێی وتوه كه خۆی و دوو هاوڕێی به‌نیازی پۆستكردنی یه‌كێك له ده‌سته‌كانی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام حسێن بون، به‌ڵام له‌كاتی پۆستكردندا نه‌گه‌یشتوه به جێی خۆی و لێیان ون بووه و له‌ده‌ستیان چوه.
خاوه‌نی چه‌كوشه گەورەكه پەشیمانە
دوای تێپه‌ڕبونی 10 ساڵ به‌سه‌ر كه‌وتنی په‌یكه‌ره برۆنزییه‌كه‌ی سه‌دام حسێن، هاوڵاتییه‌كی عیراقی به‌ناوی قه‌دوم جبوری رایگه‌یاندوه كه به چه‌كوشێكی گه‌وره‌وه به‌شداریی له روخاندنی په‌یكه‌ره‌كه كردوه و ئێستاش "په‌شیمانه له به‌شداریكردنی له‌وكاره‌دا".
جبوری كه خاوه‌نی پارچه‌ی یه‌ده‌گی ماتۆڕسكیله به رۆژنامه‌ی زه ئۆبزێرڤه‌ری وتوه: "رقم له سه‌دام بوو، خه‌ونم به روخانی ئه‌و په‌یكه‌ره‌وه ده‌بینی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و روداوه رویدا، بێئومێدییه‌كی زۆری توش كردم".
ئه‌و هاوڵاتییه عیراقییه وتویه‌تی: "له رابردودا یه‌ك دیكتاتۆرمان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا سه‌دان دیكتاتۆر هه‌ن."
PM:06:52:07/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 4248
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت