محه‌مه‌د بازیانی: كورد زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراق ده‌بێت


وێستگه‌ نیوز

چاوەڕوان دەکرێت کورد نزیک بە نیوەی کورسییەکانی لە ناوچە جێناكۆكه‌كان لە کەرکوک و نەینەوا و دیالە لەدەست بدات و سه‌رۆكی سه‌نته‌ری هودا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجیش پێشبینی ده‌كات كورد زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو بێت.

له‌ لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ محەمەد بازیانی، سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ توێژینەوە ستراتیجییەکان رایگه‌یاندوه‌: " کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە ھەلبَژاردنەکانی داھاتوی عیراق روودەدات، بە نموونە پێگەی کورد کەم دەبێتەوە و کورسییەکانی کەم دەکات، بەتایبەت لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان کە پێشتر ھەژموون و دەسەڵاتی کوردی لێ بوو و ئێستا شیعەی لێیە، ھەرچی سوننەیە پێدەچێت جارێکی تر پێگەیان بەھێزتر بێت بە بەراورد بە پێشوو، پێشتر پێگەی کورد بەھێزتر بوو لە سوننە، ئەمجارە پێچەوانە دەبێتەوە".

ده‌شڵێت: "گۆڕانێک لە سیاسیەتی ئەمریکا دژ بە شیعە و ھەژموونی ئێران لەسەر عیراق ھەستی پێدەکرێت بەتایبەت ئێستا دەردەکەوێت حەشدی شەعبی ناتوانێت لە ناوچەی دووز و ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکات و کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە جارێکی تر، ئەمە شێوازێکە لە گۆڕانکاریی سیاسەتی ئەمریکا و ئابڵوقەی تاڕادەیەک لەسەر ھەژموونی ئێران لەسەر عیراق".

چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، ئەمجارە کورد ژمارەیەک کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەدەستدەدات و 13 بۆ 14 کورسی کەم دەکاتەوە، ئەم مۆتەکەیە بە جددی بووەتە بەرباسی بەرپرسانی کورد و حزب و لایەنە سیاسییەکان کە بە ھۆی لەدەستدانی ناوچە کێشەلەسەرەکان پێشبینی لێوەدەکرێت.

دوای ئەوەی لە 25ی ئەیلولی رابردوو ھەرێمی کوردستان ریفراندۆمی ئەنجامدا و دواتر لەژێر ناوی "سەپاندنی ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵی" حکومەتی عیراق ئەو ناوچانەی بەزەبری ھێز لە کورد وەرگرتەوە کە لە سەرەتای ھێرشەکانی داعش بۆسەر چەند پارێزگایەک جێگه‌یی سوپای ھەڵاتوی عیراقی گرتەوە و کۆنتڕۆڵی کردن. 

لەدەستدانی ئەم ناوچانە کە زیاترله‌ 41 ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و پاشان سەرکردەکانی کورد کەوتنە وێزەی تۆمەتبارکردنی یەکتر بە "خیانەت" کە کاریگەریی راستەوخۆی ھەبوو لەسەر ئابڵوقەدانی ھەرێم لە رووی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی و ئابوری ئەوە جگە لەوەی پێشمەرگە کە ھێزی باڵادەست بوو  له‌ بەشی ھەرە زۆری کەرکوک و نەینەوا کشایەوە.

ئێستاش کورد لە ناوچە جێناكۆكه‌كان باس لەوە دەکات کە ناتوانێت بە ئارەزوی خۆی بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنەکانی بکات و مەترسی لەسەر ژیانی کاندیدەکانییان و ئازادیی جموجوڵیشیان ھەیە، ئەمەش وایکرد پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە پارێزگای کەرکوک خاوەنی دوو کورسیی پەرلەمانییە بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بکات.

لەدەستدانی بەشێک لە کورسییەکان، کوردی خستووەتە بارێکی خراپەوە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی 2018ش ھەبێت، چونکە وێڕای ئەو گۆڕانکارییانەی رویانداوە بەسەدان ھەزار دەنگدەر ئێستا لە ناوچە جێناكۆكه‌كان ناژیین و ئەوان دەنگدەری لیستە کوردستانییەکانن و ناتوانن بچنەوە شوێنەکانی خۆیان بۆ دەنگدان.

بە پێی ئەنجامەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2014 لیستە کوردستانییەکان لە کۆی 328 + "هەشت کورسیی کۆتا"، توانییان 62 کورسی بەدەست بھێنن کە دەکاتە رێژەی 19.3%ی کۆی کورسییەکان و ئەو کورسییانەش بەمشێوەیە دابەش دەبێت: سلێمانی 18 کورسی، ھەولێر 15 کورسی، نەینەوا 8 کورسی، کەرکوک 8 کورسی، دھۆک 11 کورسی، دیالە 2 کورسی.

لەگەڵ ئەمەشدا چاوەڕوان دەکرێت ئەو رێژە و ژمارەی کورسییانە لە ھەڵبژاردنی داھاتووی 2018 کەم بکات و کورد نزیک بە 50 کورسی بەدەست بھێنێتەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ و لەدرێژەی قسەکانیدا محه‌مه‌د بازیانی ده‌ڵێت: "کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018ی عیراق، بە حوکمی ئەوەی کۆمەڵێک حزب ھەر بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کردووە، چونکە ھەستدەکرێت لەژێر ھەژمونی شیعەدایە، ناوچە دابڕاوەکان زۆر زەحمەتە خەڵک بە ئازادی مومارەسەی دەنگدان بکات".

وتیشی: "پێشبینی 10 کورسی دەکەم کە لەدەستی بدەین لە کەرکوک و  نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە"، ئاماژه‌شی به‌ خوێندنەوەکانی خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی 2018ی عیراق كرد و رایگه‌یاند کە چاوەڕوان دەکرێت کەسی سێیەم لە نێوان مالیکی و عەبادی ببێتە سەرۆکوەزیرانی عیراق و وتی: "پێشبینی دەکەم ئەمجارە نە عەبادی و نە مالیکی ھەڵبژێردرێنەوە بۆ سەرۆکایەتی کردنی عیراق، بەڵکو رەنگە کەسێک بێت لە رەوتی سەدر کە بە مواسەفاتی زیاتر ئەمریکی و بەریتانی بێت، چونکە خەڵک لە دەموچاوی عەبادی و مالیکیش بێزاربون، ئەمریکاش جاروبار ئەو گۆڕانکارییە دەکات، بۆیە پێشبینی دەکەم ئەمجارە محەمەد سەدر کە ئامۆزای موقتەدا سەدرە رۆڵی ھەبێت، چونکە خاوەن رەگەزنامەی بەریتانییە و شیعەیە و میانڕەویە و مامەڵەی لەگەڵ کورد و سوننەش باشە و ئارەزووی زیاتری لەسەرە."

به‌وته‌ی بازیانی، "ئێستا رۆڵی سەدر باشترە، ئێستا عەبادی کرانەوەیەکی کردووە تاڕادەیەک و ئەمەش پێی وتراوە و رەنگە جارێکی تر کوردستان بارودۆخی باشتر بێت، بەڵام ئەوەی ھەیە خەڵکی کوردستان باوەڕی بە ھیچ حزبێک لە حزبەکانی خۆی نەماوە و باوەڕناکرێت بە شەوقەوە خەڵک بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکات، چونکە حکومەتێک چەند ساڵە نەیانتوانیوە خزمەتی ھاوڵاتییانی پێ بکەن، حكومه‌ته‌كه‌ حزبی بووە و لەناو حزبیشدا حکومەت بۆ بەرژەوەندیی چەند کەسێک بووە".

لەبارەی رۆڵی حەشدی شەعبی لە ھەڵبژاردنەکانی 2018ی عیراق، محەمەد بازیانی وتی: " ھەستدەکەم حەشدی شەعبی وردە وردە ئەو ھەژموونە گەورەیەی ھەیبوو لە ناوچەکە کەمدەبێتەوە و ھەر دەسەڵاتێک بێت دەیەوێت بیخانە نێو سوپای عیراقەوە، چونکە شەڕی داعش نەماوە و فەتوایەکی مەرجەعییەت بەسە بۆ ئەوەی تێکەڵ بە سوپا و ھەواڵگریی و ئەوانە بکرێت، من بڕواناکەم عەبادی دەربچێتەوە، عەبادی ئێستا نەیاری زۆرە، حزبی دەعوە دوو لیستی ھەیە، ململانێی گەورە لە نێوان عەبادی و مالیکی ھەیە، چونکە حەشدی شەعبی زیاتریش بەلای مالیکییە، ئەم دەموچاوانە ئێران و ئەمریکاش دەیەوێت بگۆڕدرێن، ئێستا خەڵک ئامادەکراون کە لە جێی ئەوان بن، محەمەد سەدر ئێستا زیاتر ئامادەکراوە".

بازیانی پێشی وایە "تورکیاش رۆڵی ھەیە لەو مەسەلەیە و پێموایە و زۆرێکیش پێیانوایە لەگەڵ موقتەدا مامەڵەکردن باشتر بێت، چونکە لە حکومەتدا تاقی نەکراوەتەوە، جگە لەوەش ھەڵوێستێکی تریشی ھەبووە بۆ نمونە ئەوانەی گەندەڵ بوون لەنێو لیستەکەی خۆیدا دەری کردون".

لە ھەڵبژاردنەکانی2005ی پەرلەمانی عیراق کە بۆ یەکەم جار لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی بەعس بەڕێوەچوو، کورد توانی لە کۆی 275 کورسی 21 کورسی بەدەست بھێنێت و بە دەنگی دوو ملیۆن و 642 ھەزار و 172 دەنگدەر رێژەی 21%ی کۆی کورسییەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کردبوو.

لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010شدا، کورد توانی 57 کورسی بەدەست بھێنێت کە رێژەی 17.5%ی کورسییەکانی پەرلەمانی عیراق دەکات و تیایدا دوو ملیۆن و 372 ھەزار و 70 کەس دەنگییان پێ دابوون.


PM:06:06:03/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 2484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو