سێ رۆژنامەنووسە كوردەكەی كەركوك ئازادكران

‌هەردی ئەحمەد و هونەر محەمەد دوای ئازادبوونیان


وێستگە نیوز-
دوای چەند كاتژمێرێك  لە دەستگیركردنیان، سێ رۆژنامەنووسە كوردە دەستگیركراوەكەی شاری كەركوك لەلایەن دژە تیرۆری عیراقەوە ئازادكران.

تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "دوای چەند كاتژمێرێك لە دەستگیركردنیان هەردوو پەیامنێریان رووداو هونەر ئەحمەد و هەردی محەممەد، هەروەها زانا تەقیەدین كامێرانانی فریلانس كە لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە دەستگیركرابوون، ئازادكران".

پێشتر رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، بەپێی زانیارییەكانیان، ئەمڕۆ لەناو قاوەخانەی كلتوری لە گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوك، دوو كەس داوای ناسنامەیان لە هونەر ئەحمەد و هەردی محەمەد رۆژنامەنووس لە تۆڕی میدیایی رووداو كردووە و پاشان هێزێكی دژە تیرۆری عیراقی هاتوەتە ناو قاوەخانەكە، ئەو دوو رۆژنامەنووسە و  رۆژنامەنوسیكی دیكەی كوردیان دەستگیركردووە كە ئەو رۆژنامەنووسەی دیكە بۆ كەناڵێكی ئوستورالی كاری كردووە.

ناوبراو وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان بۆ ئەو دەستگیركردنە وتی "دیارە پێشتر رۆژنامەنوسانی رووداو چاودێرییان كراوە، بەڵام ئەو كارەی دژە تیرۆر، درێژكراوەی هەمان سیاسەتی حكومەتی عیراقییە لە قەدەغەكردنی كاركردنی كەناڵەكانی رووداو و كوردستان 24 لە ناوچەكانی عیراق، وەكو سەنتەری میترۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دەستگیركردنانە دەكەین".

پێشتر هونەر ئەحمەد راپۆرتێكی مەیدانی لە قەزای خورماتوو لەسەر ئەو پێشێلكارییانە كرد كە لەلایەن هێزە عیراقییەكان ئەنجامدراوە.

دوای رووداوەكانی 16-10-2017 حكومەتی عیراق رێگەی كاركردن لە تۆڕی میدیایی رووداو و كوردستان 24 لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی گرتووە.



PM:10:01:20/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 2132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت