بەرپرسێكی كۆمەڵ لۆگۆی حكومەتی هەرێم بەسەرەوخواری دەكاتە پڕۆفایلی فەیسبوكی


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
هاوژین عومەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلام پڕۆفایلی فەیسبووكی خۆی كردە لۆگۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرەوخواری ئەوەش وەكو دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر دابەشكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەی پاشەكەوت.


هاوژین عومەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی  بەوێستگە نیوزی راگەیاند، ئەو كارەی لەڕووی مەبدەئییەوەیە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی مەدەنی بەرامبەر هەڵوێستی حكومەتی هەرێم بەرامبەر دۆسیەی فەرمانبەران كە بۆ جاری دووەم رزقی فەرمانبەرانی بڕی، چونكە فەرمانبەران چاوەڕوانبوون مەسەلەی مووچە بڕواتە دۆخی جارانی خۆی.

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵ وتیشی "راستە لە هەموو قۆناغەكاندا حكومەتی هەرێم شكست دوای شكست، یان هەڵوێستی ناجوامێرانەی نواندووە، بەڵام وەكو ناڕەزاییەكی شارستانی لۆگۆی حكومەتی هەرێمم لە فەیسبووكەكەم بەسەرەوخواری داناوە بۆ ئەوەی بتوانین بۆ ماوەی چەند رۆژێك لەسۆشیال میدیا ناڕەزایی خۆمان بنوێنین".

فەرمانبەرانی كوردستان چاوەڕوانبوون بەهۆی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغداوە مووچەكانیان لەبەغداوە بەشێوەی بێ پاشەكەوت پێبدرێت، بەڵام شەوی یەكشەممەی رابردوو 18ی ئازاری 2018 هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا رایانگەیاند ئەو پارەیەی لە بەغداوە بۆ مووچە هاتووە بەشێوەی پاشەكەوت دابەش دەكرێت، ئەوەش ناڕەزایی جەماوەریی لێكەوتەوە.


PM:09:27:20/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 10928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت