كورد لە كەركوك یادی نەورۆزی كردەوە

‌وێنە: یادێكی نەورۆز لە كەركوك - ئەرشیف

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
ئەندامێكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت ئەمڕۆ لە شاری كەركوك بەئاڵای كوردی و كردنەوەی ئاگری نەورۆز، یادی جەژنی نەورۆزیان كردۆتەوە. 

جوان زەنگەنە، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە وێستگە نیوزی راگەیاند، هەرچەندە هێزی عیراقی و دژە تیرۆری عیراقی بۆ شاری كەركوك هاتبوون، بەڵام كورد سەلماندی ئەم شارە چەند هێزی تێدا بێت، بەڵام ناتوانن وا بكەن كورد جێی بێڵێت.

جوان زەنگەنە وتی "لەسەر قەڵای كەركوك ئاگری نەورۆز بەشێوەی یەكدەستی لەلایەن لایەنە كوردییەكان كرایەوە، بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستانیش لەسەر قەڵا و لەلایەن خەڵكەوە وەكو تەحەدایەك بوو بۆ جیهان كەوا كەركوك بەشێكی دانەبڕاوە لە كوردستان، هەر ئەمڕۆش رێز و خۆشەویستی و هاوخەمیمان بۆ شاری عەفرین دەربڕی".
رۆژی 16-10-2017 هێزە عیراقییەكان چوونە شاری كەركوك و ناوچە ناكۆكەكان، دواتریش نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە پۆستەی لادرا و راكان جبوری بە وەكالەت ئەو پۆستەی پێدرا، هەر لەو كاتەشەوە تائێستا چەند پۆستێكی دیكە لە كورد وەرگیراوەتەوە.

دوێنێش لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ كردنەوەی ئاگری نەورۆز، بەیاوەری هێزێكی دژە تیرۆر رۆیشت بۆ شاری كەركوك.



PM:07:39:20/03/2018






ئه‌م بابه‌ته 3408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت