به‌هۆی عه‌فرینه‌وه‌ سێ رۆژ ماته‌مینی لە سلێمانی راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌ نیوز ـ پشتیوان جەمال
به‌هۆی داگیركردنی عه‌فرینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن توركیاو گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سه‌ر به‌و وڵاته‌وه‌، پارێزگاری سلێمانی سێ رۆژ ماته‌مینی راگه‌یاند و سه‌رجه‌م ئاهه‌نگه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌ورۆزی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.


وه‌ك هاوهه‌ڵوێستی بۆ خه‌ڵكی عه‌فرین و به‌هۆی بارودۆخی ئه‌و شاره‌وه‌، به‌ بڕیاری د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی، سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی له‌ سلێمانی راگه‌یه‌ندرا.

د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه‌ 18ی ئازاری 2018، تا ئێواره‌ی رۆژی 21ی ئازاری 2018، ماته‌می سه‌رتاسه‌ری له‌ سنوری پارێزگاكه‌ماندا رابگه‌یه‌نین.

ده‌شڵێت: "یادی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ده‌گۆڕین بۆ (نه‌ورۆزی پشتیوانی) و ئاهه‌نگی نه‌ورۆز راده‌گرین و ده‌یكه‌ینه‌ نه‌ورۆزی ماته‌م بۆ پشتیوانیی خه‌ڵكی عه‌فرین".

هه‌ر وه‌ك پشتیوانی بۆ خه‌ڵكی عه‌فرین، "پردی یه‌كتربڕی خه‌بات له‌سه‌ر شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ناوده‌نێن (عه‌فرین)".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كه‌له‌پوری‌ سلێمانی‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، بۆ رۆژانی‌ یه‌كه‌م و دوه‌می‌ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆز، ئه‌وان سه‌رپه‌رشتی‌ چه‌ند چالاكییه‌كیان كردووه‌ و چه‌ند گروپێكی‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی‌ چوار پارچه‌ی‌ كوردستان به‌نیازبوون چالاكی‌ و هه‌ڵپه‌ڕكێ بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی‌ دۆخی‌ عه‌فرینه‌وه‌ چالاكییه‌كیانیان راگرتووه‌.

ئه‌مڕۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا رایگه‌یاند هێزه‌كانیان شاری‌ عه‌فرینیان كۆنتڕۆڵ كردووه‌، یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌لیش پاشه‌كشه‌یان له‌ شاره‌كه‌ راگه‌یاند ئه‌وه‌ش دوای‌ دوو مانگ به‌رگریكردن له‌ شاره‌كه‌.

هاوكات یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) رایگه‌یاند، ته‌كنیكی شه‌ڕیان گۆڕیوه‌ بۆ پارتیزانی و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ خه‌بات و هێرشكردنه‌ سه‌ر سوپای توركیاو هاوپه‌یمانه‌كانی.

دەقی بڕیارەکەی پارێزگاری سلێمانی:

به‌ناوی خودای مه‌زنی میهره‌بان

مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی جیهان..

خه‌ڵكی شكۆمه‌ندو سه‌ربه‌رزی كوردستان..

خه‌ڵكی جوامێرو خه‌مخۆری هه‌موو سنوری پارێزگای سلێمانی..

كاره‌ساتی داگیركردن و شه‌ڕو كوشتارو كه‌وتنی ئاشتیی شاری (عه‌فرین)، هه‌موومانی هه‌ژاند، گشت كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیی خسته‌وه‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ، تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك كه‌ ده‌بوو ئه‌زمونبكرایه‌و خه‌ڵك و خاكێك كه‌ مه‌ردانه‌ ڕوبه‌ڕوی تیرۆریستانی داعش بوونه‌وه‌و، خواستی چه‌سپاندنی ئاشتیی و ئاسایش و ئارامیی و ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی و ئاوه‌دانیان بۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌و جیهان هه‌بوو، شه‌ڕو ماڵوێرانیی و به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژوه‌ندییه‌ ئابووریی و سه‌ربازییه‌كان؛ به‌رده‌رگای ماڵیان پێنه‌گرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌بری ستایشكردن، بوونه‌ قوربانی هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كان و كاره‌ساتی مرۆیی گه‌وره‌ له‌م ناوچه‌ گڕگرتووه‌دا كه‌وته‌وه‌.

ئێمه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی؛ به‌ئیراده‌یه‌كی به‌هێزو دڵێكی پڕ له‌ خه‌مه‌وه‌، ده‌خوازین ئاشتیی جێی شه‌ڕو، ئاوه‌دانیی جێی وێرانكاریی و، ئازادیی شوێنی داگیركاریی بگرنه‌وه‌و، هه‌رچی زووه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان بكشێنه‌وه‌و خه‌ڵكی ئاواره‌و لانه‌شێواوی عه‌فرین بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان و ئاشتیی و ئاسایش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌.

داوا له‌ خه‌ڵكی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش ده‌كه‌ین؛ به‌ شێوازێكی مه‌ده‌نیانه‌و ئاشتییانه‌و به‌ گیانێكی مرۆڤدۆستانه‌ی لێبوردانه‌، گوزارشت له‌ ماته‌م و پشتیوانیی و هه‌ڵوێسته‌كانیان بكه‌ن، ئه‌م دۆخه‌ بكه‌نه‌ زه‌مینه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانیی ڕاسته‌قینه‌و به‌هێزكردنێكی لۆژیكیانه‌ی ئیراده‌ی نیشتمانیمان.

داوا له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی ده‌كه‌ین، ئاواره‌كان بپارێزێت و به‌هانای برینداران و لێقه‌وماوانی عه‌فرینه‌وه‌ بچێت و درودو سڵاو بۆ شه‌هیده‌ شكۆمه‌نده‌كان ده‌نێرین، هه‌ر له‌م ماته‌م و كۆسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌دا؛ بڕیارماندا:
- له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه‌ 18ی ئازاری 2018، تا ئێواره‌ی ڕۆژی 21ی ئازاری 2018، ماته‌می سه‌رتاسه‌ری له‌ سنوری پارێزگاكه‌ماندا ڕابگه‌یه‌نین.

- یادی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ده‌گۆڕین بۆ (نه‌ورۆزی پشتیوانیی)و ئاهه‌نگی نه‌ورۆز ڕاده‌گرین و ده‌یكه‌ینه‌ نه‌ورۆزی ماته‌م بۆ پشتیوانیی خه‌ڵكی عه‌فرین.

- پردی یه‌كتربڕی خه‌بات له‌سه‌ر شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ناوده‌نێن:(عه‌فرین).

د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر
پارێزگاری سلێمانی
18ی ئازاری 2018
هــ. ر


PM:08:38:18/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 5984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو