رێکخراوی مانگی سوری عەرەبی: ئەمڕۆ کاروانێکی هاوکاری مرۆیی دەگاتە غوتە

‌دانیشتوانی غوتە لە چاوەڕوانی کۆمەکە مرۆییەکان

وێستگه‌ نیوز ـ
رێکخراوی مانگی سوری عەرەبی رایگەیاند، ئەمڕۆ کاروانێکی هاوکاری مرۆیی دەگاتە شاری دوما لە غوتەی رۆژهەڵات لە سوریا.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، زیاد مسەلاتی راوێژکار لە رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کاروانەکە لە 25 بارهەڵگر پێکدێت و خواردن و کەلوپەلی پزیشکی تیادایە.

لەلایەکی دیکەوە جان ئیگلاند راوێژکار لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، حکومەتی سوریا رێگەی پێداون تا ئەمڕۆ کاروانێکی هاوکاری مرۆیی بگاتە غوتە.

راشیگەیاند، کاروانەکە خواردن و پێداویستی پزیشکی تیادایە، بەڵام هێشتا هیچ شتێک دڵنیا نییە تا کاروانەکە دەگاتە ئەوێی و بارهەڵگرەکان خاڵی دەکرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی قسەیان لەگەڵ گروپی "جەیشولئیسلام" کردووە شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری دوما کەمیکردووە و هەروەها یارمەتی 147 کەسیان داوە کە غوتە بەجێبهێڵێن و بگەنە دیمەشق.

لە رۆژی 18ی مانگی رابردووەوە، سوپای سوریا بە پشتیوانی هاوپەیمانەکانی هێرشێکی چڕی بۆسەر غوتەی رۆژهەڵات دەستپێکردووە و بەهۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 900 کەس کوژراون، کە نزیکی 200 یان منداڵن.

غوتەی رۆژهەڵات کە مەزەندە دەکرێت 400 هەزار کەسی تیادا بژی، لە ساڵی 2013 وە گەمارۆ دراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستی بەسەردا گرت.

هــ. ر


AM:09:44:15/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 1844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو