‌توركیا فیشه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ نوێ‌ له‌ عه‌فرین به‌كاردێنێت

وێستگه‌ نیوز –
وه‌زیری‌ به‌رگری‌ توركیا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌نیازه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ هێرشكردنه‌سه‌ر كانتۆنی‌ عه‌فرین له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان فیشه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ نوێ‌ به‌كاربێنێت.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ نوره‌دین جانیكلی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ توركیا له‌ په‌راوێزی‌ رێوڕه‌سمی‌ كردنه‌وه‌ی‌ پێشانگا و كۆنگره‌ی‌ ده‌وحه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ به‌رگری‌ ده‌ریایی "دیمدكس 2018" رایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆتایی مانگی‌ نیسانی‌ داهاتوودا دواتاقیكردنه‌وه‌ بۆ هه‌ندێك فیشه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ نوێ‌ ده‌كرێت و دواتر راده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ توركیا ده‌كرێن.

نوره‌دین جانیكلی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌ شه‌ڕی‌ عه‌فریندا به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر چه‌ك و فیشه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ به‌رهه‌مهێنراوی‌ توركی‌ به‌كارده‌هێنرێت و "ته‌كنه‌لۆژیای‌ پیشه‌سازی‌ به‌رگری‌ توركی‌ له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد و گه‌یشته‌ به‌رهه‌مهێنان".

وتیشی‌: "له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ هێرشكردنه‌سه‌ر عه‌فرین فیشه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ نوێ‌ به‌كاربێنین".

كاتێكی‌ پێشتری‌ ئه‌م مانگه‌ش وه‌زیری‌ به‌رگری‌ توركیا ئاشكرایكرد كه‌ هێزه‌كانیان به‌نیازن مووشه‌كی‌ نوێی‌ پێشكه‌وتوو كه‌ له‌ ناوخۆی‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌ له‌ پرۆسه‌ تایبه‌ته‌كانیان له‌ عه‌فرین به‌كاربێنن.

سه‌رچاوه‌: RT


PM:07:51:12/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 1824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو