‌شێركۆ جه‌وده‌ت: مووچه‌ی ته‌واو بدرێته‌ فه‌رمانبه‌ران بازاڕ ده‌بووژێته‌وه‌
‌د. شێركۆ جه‌وده‌ت

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، كە وەفدێكی فەرمانگە سیادیەكانی هەرێم، كە سەر بە عیراق-ن گەیشتونەتە بەغدا بۆ وەرگرتنی مووچە، كە مووچەی سێ‌ مانگی ئەو فەرمانگانەیە و په‌رله‌مانتارێكیش رایده‌گه‌یەنێت، ئەگەر مووچەی کامل بدرێتە فەرمانبەران دۆخی ئابووری بازاڕ دەبووژێتەوە.


بەپێ هەواڵێك، كە میدیاكانی عیراق بڵاویانكردوەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 10ی ئازاری 2018، وەفدێكی فەرمانگەكانی (پاسپۆرت و رەگەزنامە و باری شارستانی و كارتی نیشتمانی) گەیشتونەتە بەغدا بۆ وەرگرتنی مووچە.

پێشتر، عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، كە، "رۆژی شەممە سەردانی بەغدا دەكەین بۆ وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ڕەگەزنامە و مانەوە و زانیاری".

ئاشكراشی كردبوو، "حكومەتی فیدڕاڵی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2017ی ئەو فەرمانگانە خەرج دەكات".

لای خۆیه‌وه‌ د. شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: پێشتر كه‌ مووچه‌ی ته‌واو ده‌درایه‌ فه‌رمانبه‌ران، هه‌موو مانگێك 750 ملیۆن دۆلار به‌سه‌ر سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌راندا دابه‌ش ده‌كرا، ئه‌مه‌ش وایده‌كرد، نزیكه‌ی 600 ملیۆن دۆلار بڕواته‌ بازاڕه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕی پێده‌كرا.

وتیشی: "به‌وهۆیه‌وه‌ بازاڕ جوڵه‌ی تیادابوو و هه‌لیكار زۆر بوو و شتێك نه‌بوو به‌ناوی قه‌یرانه‌وه‌".

ئه‌وه‌شی باسكرد، "ئێستا به‌ سێ مانگ جارێك مووچه‌ دابه‌شده‌كرێت، ئه‌و پاره‌یه‌ش مووچه‌ی ته‌واو نییه‌و به‌ پاشه‌كه‌وته‌وه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ی 400 ملیۆن دۆلاره‌، سه‌دا په‌نجای ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌چێته‌ بازاڕه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌ستده‌گرێته‌وه‌ و وه‌ك جاران پاره‌ خه‌رج ناكات".

به‌ بڕوای ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌گه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ی ته‌واو به‌بێ پاشه‌كه‌وت و مانگانه‌ ئاسایی ببێته‌وه‌، راسته‌وخۆ كاری كاری له‌سه‌ر بازاڕ ده‌بێت و گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئابووری بازاڕدا دێت.

شێركۆ جه‌وده‌ت وتیشی: "ئه‌گه‌ر مووچه‌ی ته‌واو بدرێته‌ فه‌رمانبه‌ران به‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ بازاڕدا رووده‌دات و ته‌واوی سێكته‌ره‌كان ده‌بووژێنه‌وه‌".



PM:06:06:10/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 5936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێندراو