نرخی گاله‌كسییه‌ نوێیه‌كه‌ی سامسۆنگ بزانه‌


وێستگه‌ نیوزـ

لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا و دوای چەند مانگێک لە پێشبینی و دەنگۆ و هەواڵی دزەپێکراو، دواجار هەریەک لە گالەکسی ئێس 9 و ئێس +9 راگەیەندران.

مۆبایلە نوێیەکان هاوشێوەی ئێس 8 لە شووشە دروست کراون و چوارچێوەکانیان کانزایە، دژە ئاو و تۆزن، بەڵام لێوارەکانیان بچوکتریش کراونەتەوە.

هەروەک پار مۆبایلە نوێیەکان خاوەن ڕوونمای Amoledن بە ڕوونی QHD و قەبارەکانی 5.8 ئینچ و 6.2 ئینچ، هەروەها سامسۆنگ بەڵێن دەدات رونما نوێیەکان ڕەنگی ڕەش بە شێوەیەکی قوڵتر و باشتر نیشان بدەن لەوانەی پێشتر.

مۆبایلەکان خاوەن پڕۆسێسەری Exynos 9810ن کە دروستکراوی سامسۆنگ خۆیەتی و ٤ ناوکی تایبەتی Mongoose M3 و 4 ناوکی Cortex A-53 لەخۆدەگرێت و خاوەن یەکەی چارەسەری گرافیکە لە جۆری Mali-G72 MP18(لە باکووری ئەمریکا و چین مۆبایلەکان جیاواز لە تەواوی جیهان بە پڕۆسێسەری Snapdragon 845 کار دەکەن)، ئێس 9 خاوەن 4گب ڕام و ئێس +9 خاوەن 6گب ڕامە، جگە لەمەش مۆبایلەکان بە بیرگەکانی 64گب، 128GB و 256GB بەردەست دەبن.

ئەو لایەنەی زۆرترین گۆڕانکاری تیادا کراوە کامێرایە، گالەکسییە نوێیەکان خاوەن کامێرای 12 مێگاپیکسڵن کە تایبەتمەندی (variable aperture)ی هەیە و ڕێگات پێدەدات بە هەریەک لە تیرەی جاوەکانی f/1.5 و f/2.4 وێنە بگریت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ گرتنی وێنەی نایاب لە هەردوو ژینگەی ڕووناک و تاریکیشدا.

جیاوازی ئێس +9 لە ئێس 9 ئەوەیە کە خاوەن کامێرایەکی دیکەشە لە پشتەوەی، کامێرای دووەم هاوشێوەی نۆت 8 ڕوونییەکەی 12 مێگاپیکسڵ و تیرەی چاوەکەی (f/2.4)ە.

گالەکسییە نوێیەکان دەتوانن ڤیدیۆی 4K بە 60fps یاخود 60 وێنە لە چرکەیەکدا تۆمار بکەن، هەروەها دەتوانن هاوشێوەی سۆنی ئێکسپیریا ئاست بەرزەکانی پار ڤیدیۆی Super Slow-Mo بە ڕوونی 720P تۆمار بکەن بە 960fps یاخوود 960 وێنە لە چرکەیەکدا، بەڵام باڵادەستی گالەکسییە نوێیەکان بەسەر ئێکسپێریاکاندا ئەوەیە کە خۆیان درک بە گونجاوی بارەکە دەکەن و ڤیدیۆکەت خودکارانە هێواش دەکەنەوە بەمەش هیچ دیمەنێکی ناوازەت لە دەست ناچێت! تەنانەت لەگەڵ سامسۆنگ دەتوانیت زۆر بە ئاسانی ڤیدیۆکان بکەیتە  GIF.

لە پێشەوە هاوشێوەی ئێس 8 کامێرایەکی 8 مێگاپیکسڵ بە تیرەی جاوی (f/1.7) بوونی هەیە، بەڵام ئەمجارەیان کامێراکە خاوەن تایبەتمەندی AR Emojiیە کە زۆر بە ئاسانی و لە ڕێگای گرتنی وێنەیەکتەوە تۆ بە شێوەیەکی کارتۆنیی سێ دووری دروست دەکاتەوە کە دەتوانیت دواتر دەستکاری بکەیت و جل و بەرگ و قژ و هتد.. لەگەڵ خۆتدا بگونجێنیت، هەروەها مۆبایلەکە لەسەر بنەمای شێوەت کۆمەڵێک ستیکەرت بۆ دروست دەکات کە دەچنە ناو تەختەکلیلەکەت و دەتوانی بۆ هاوڕێیانتیان بنێریت.

مۆبایلە نویێەکان خاوەن دەرچەی بیستۆکی 3.5 میللی مەتر و بڵندگۆی ستێریۆن لە جۆری Harman AKG و پشتگیری Dolby Atmos دەکەن و بە وتەی سامسۆنگ بە ڕێژەی 40% دەنگیان لە بڵندگۆی ئێس 8 بەرزترە.

مۆبایلەکان بە ڕووکاری Grace UXی تایبەت بە سامسۆنگ کار دەکەن کە لەسەر ئەندرۆید ئۆریۆ بنیاد نراوە و هاوشێوەی زنجیرەی ئێس 8 پاتری بە فراوانییەکانی 3 هه‌زار میللی ئەمپێر.کاتژمێر، 3 و 500 میللی ئەمپێر.کاتژمێر لەخۆدەگرن، و شێوازێکی نوێی کردنەوەی قفڵ بەکاردێنن کە لە هەمان کاتدا ناسەرەوەی ڕووخسار و گلێنەی چاو بەکار دێنێت.

مۆبایلەکان چوار ڕەنگیان هەیە: مۆر، ڕەش، شین و خۆڵەمێشی و لە ڕۆژی 2ی مانگی داهاتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەست دەبن بۆ داواکردنی پێش وەختە و نرخیان دەست پێدەکات لە: 720 دۆلار بۆ ئێس 9 و 840 دۆلار بۆ ئێس 9+.

سه‌رچاوه‌: kitn


PM:08:59:26/02/2018










ئه‌م بابه‌ته 16332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو