ئه‌ردۆغان: به ستراتیجێكی نوێ له هێرشكردنه‌سه‌ر عه‌فرین به‌رده‌وامده‌بین
ئه‌ردۆغان
وێستگه نیوز –
سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند كه دوای ئه‌وه‌ی ناوه‌ندی شاری عه‌فرین گه‌مارۆ ده‌ده‌ن به ستراتیجێكی نوێ له هێرشكردنه‌سه‌ر شاره‌كه به‌رده‌وامده‌بن.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا و سه‌رۆكی گشتیی ئاك پارتی، له‌میانی به‌شداریكردنی له كۆبوونه‌وه‌ی به‌رفراوانی لقه‌كانی پارته‌كه‌یدا له باره‌گای گشتیی حزبه‌كه له ئه‌نقه‌ره وتارێكی پێشكه‌ش كرد.
له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی لقی زه‌یتونی سوپای توركیاوه، ئه‌ردۆغان وتی: "تاكو ئه‌مڕۆ هه‌زار و 873 تیرۆریست له چالاكی خراون و نزیكه‌ی 415 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه كۆنترۆڵكراوه".
وتیشی: "سه‌ربازه قاره‌مانه‌كانمان هه‌نگاو به هه‌نگاو به‌ره‌و عه‌فرین له پێشڕه‌وییدان".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "دوای ئه‌وه‌ی به‌زووی ناوه‌ندی شاری عه‌فرینمان گه‌مارۆدا و په‌یوه‌ندی تیرۆریستانمان له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا پچڕاند، به ستراتیجێكی نوێ به‌رده‌وامده‌بین له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كه".
ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "له‌به‌رئه‌وه‌ی له ئێستادا به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌رزاییانه‌ی كه باڵاده‌ستن به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا له‌لایه‌ن سه‌ربازانمانه‌وه كۆنترۆڵكراون، چاوه‌ڕوانین به‌شی له‌مه‌ودوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كه خێراتر به‌ره‌وپێش بچێت".
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، نیگه‌رانی خۆیشی له‌باره‌ی لێدوانی ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی وڵاتان سه‌باره‌ت به هێرشكردنه‌سه‌ر عه‌فرین ده‌ربڕی و رایگه‌یاند كه "ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی زۆر نیگه‌ران كردووه دووڕوویی و ته‌نانه‌ت ناجددیه‌تی ژماره‌یه‌ك له‌و وڵاتانه‌یه كه به هاوپه‌یمانمان زانین و په‌یوه‌ندی زۆر قوڵی سیاسیی و سه‌ربازیمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه. دوێنێ گوایه وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری یه‌كێك له وڵاتانه بێئه‌وه‌ی شه‌رم دایبگرێت وتی هاووڵاتییانی سڤیل له عه‌فرین ده‌كوژرێن و به‌هۆی توندوتیژییه‌كان خه‌ڵك ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆی. ئه‌وه بێویژدانی و بێڕه‌وشتییه، كه به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو كوشت و كوشتاره‌ی ژن و منداڵ و پیر و سڤیله له غوته‌ی رۆژهه‌ڵات نیگه‌ران نیت، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر نیگه‌رانی و هه‌واڵی درۆ و هه‌ڵه بڵاو ده‌كه‌یته‌وه".
ئه‌مڕۆ 35 رۆژه ده‌وڵه‌تی توركیا و چه‌كداره‌كانی به‌رده‌وامن له هێرشه ئاسمانی و زه‌مینییه‌كانیان بۆ سه‌ر عه‌فرین،
به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌شه‌وه تا ئێستا سه‌دان هاوڵاتی شه‌هید و بریندار بوون
و چه‌ندین گوند و ناوچه‌ش وێران كراون.
PM:01:57:23/02/2018
ئه‌م بابه‌ته 1640
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت