مانگی شوبات عیراق زیاتر له‌ سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردووه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سەرچاوەکانی بواری وزە و نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە رایانگەیاند، بڕی هەناردەی نەوتی خاوی عیراق لە سەرەتای مانگی شوباتەوە لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوری عیراقەوە ڕۆژانە گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل.

 ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو سەرچاوانەوە بڵاویکردەوە، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە بڕی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق ڕۆژانە لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوری عێراقەوە گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، لەکاتێکدا ئەو بڕە لە مانگی کانونی دووەمی ڕابردوودا 3 ملیۆن و 49 هەزار بەرمیل بووە.

بەگوێرەی داتای ئابوری ئاژانسی ڕۆیتەرز کە پێشتر بڵاویکردبوەوە، چاوەڕواندەکرا کۆی بەرهەمی نەوتی خاوی عیراق بەرزتربێتەوە، بەتایبەت لەکاتێکدا هەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێم جەیهانەوە ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە دەکات.
عیراق لەناو ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک، لەدوای سعودیە بە پلەی دووەم دێت لەڕووی ڕێژەی بەرهەمی نەوتییەوە.

دوو ساڵ لەمەبەر ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی خۆیان، وەک پشتیوانییەک بۆ بەرگرتن لە نزمبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت، بەتایبەتی کە لەساڵی 2015 نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی وزەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بە شێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو گەیشتە 27 دۆلار.


PM:07:57:22/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت