مۆنتینیگرۆ..بۆمبێك گیرایه باڵیۆزخانهی ئهمریكا
وێستگه نیوزـ
کەسێک بۆمبێکی گرتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری بۆدگۆریستای پایتەختی مۆنتێنیگرۆ و پاشان بۆمبێکی دیکەی بە خۆیدا تەقاندهوە و خۆی کوشت.
حکومەتی مۆنتێنیگرۆ هێرشەکەی بە توندی ئیدانهكرد و لەسەر تویتەری فەرمی خۆی نوسیویەتی روداوەکە لە کاژمێر 12:30 ی شەوی چوارشەممە لەسەر پـێنجشەممە بووە پـۆلیس هەوڵ دەدات ناسنامەی خۆکوژەکە بزانێت.
هاوكات ڕۆژنامەی ڤیجستی ئەو وڵاتە لەسەر ماڵپەڕی خۆی نوسیویەتی ئەو کەسە ناوی دالیبۆر یاکۆڤیچ-ە و تەمەنی 43 ساڵ بووە و براکەی تەرمەکەی لە فەرمانگەی پزیشکی دادوەری ناسیوەتەوە، دەشڵێت ناوبراو لە فەیسبوکەکەی وێنەی مەدالیایەکی خۆی داناوە کە لە ساڵی 1999 لە لایەن سلۆبۆدان میلۆشێڤیچ سەرۆکی پـێشوی سڕبیا پـێی بەخشراوە لەو کاتەی لە نێو لەشکری ئەو سەردەمەی یۆگۆسلافیا بووە.
لە لایەکی دیکە پەیامنێری ئاژانسی فڕانس پـرێس وتویهتی پـۆلیس ڕێگە بە ڕۆژنامەوانان و خەڵکی نهدراوه لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک بکەونەوە.
بهوتهی پۆلیسی مۆنتێنیگرۆ پێدەچێت بۆمبەکە دەستی بووبێت و کەوتووەتە حەوشەی باڵیۆزخانەکە و تەنیا چاڵێکی لە زەویەکە دروستکردووە و هیچ زیانی بە باڵیۆزخانەکە نەگەیاندوە.
پاسەوانی یانەیەکی وەرزشی لە نزیک باڵیۆزخانەکە بە فڕانس پـرێسی وتوە نیوەشەو گوێی لە دەنگی دوو تەقینەوە بە دوای یەکدا بووە، پاشان بە خێرایی پـۆلیس هاتووە و تەرمی پیاوەکەیان هەڵگرتووە.
هاوكات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بۆدگۆریستا ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هۆشداریی بە ئەمریکایـیهكانی ئەو وڵاتە دا کە نزیکی باڵیۆزخانەکە و شوێنی قەرباڵغ نەبنەوە.
مۆنتێنیگرۆ لە مانگی پـێنجی ساڵی 2017 بووەتە ئەندامێکی ناتۆ، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی بەشێکی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە بچوکەی بەڵقان.
PM:07:48:22/02/2018
ئهم بابهته 1252
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت