سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی: باشترین كار بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی عیراقه
وێستگه نیوز –
سه‌رۆكی فراكسیۆن پارتی دیموكرات له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه باشترین رێگا، بڕیاری ده‌سته جه‌معی بایكۆتكردنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یه، خۆ دونیا خراپ نابێ با جارێك به عیراقی تازه و خودان پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بڵێین، نه‌خێر.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆن پارتی دیموكرات له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه "وه‌ك بڕیاره مانگی ئایار هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بكرێ، هه‌ڵبژاردنی ئه‌و جاره له‌ڕووی زه‌مه‌ن و زه‌مینه‌وه بۆ ئێمه‌ی كوردستانی جیاوازه".
ئومێد خۆشناو ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه "له رووی زه‌مه‌نه‌وه سه‌د ساڵه ئه‌و عه‌قلیه‌ته بۆگه‌نه هه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌وی عیراقه، هه‌میشه له ئه‌بدێت بوونه‌وه و نوێبوونه‌وه‌یه، جار جار هێندێك گۆڕانی وه‌سه‌ردادێت، پاشان ده‌چێته‌وه ئه‌و قاڵبه‌ی كه باوه‌ڕی به مافی كوردان نه‌بووه و نابێت!".
سه‌رۆكی فراكسیۆن پارتی ده‌ڵێت: "له زه‌مینێكیشه‌وه قسان ده‌كه‌ین، ته‌نهاو ته‌نها بیر و هۆشی توندڕۆی و تیرۆر و تۆقاندنی تێدا، زاڵ و باڵاده‌ست و سه‌رده‌سته‌یه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه "باشه پرسیارێك، ئه‌رێ ئێمه له دوای نه‌مانی به‌عس و به‌شداری كارای كورد له بونیادنانه‌وه‌ی عیراق و پڕۆسه‌ی سیاسی ئه‌و وڵاته، كوردستان چی وه‌ده‌ست هێناوه؟. ئه‌رێ بێزه‌حمه‌ت، پۆستی سه‌رۆك كۆمار و جێگرانی سه‌رۆك وه‌زیر و سه‌رۆك په‌رله‌مان و وه‌زیری ده‌ره‌وه و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و پۆست و پله‌ی جۆراوجۆر چی پێمان به‌خشی و سوده‌كانی كامانه‌ن؟".
نووسویشیه‌تی: "ئه‌رێ تخوا دوای داگیركردنی كه‌ركوك و ئه‌نفالی خورماتوو، یان مه‌منوع بوونی كوردان له ناوچه داگیركراوه‌كان، چ مانایه‌ك به هه‌ڵبژاردنی دیموكراسی ده‌دات؟، ئه‌رێ به‌جدی هه‌ر ئه‌وان دوژمنی ئێمه‌ن، یان ئێمه باشتر دوژمنی خۆمانین؟، ئه‌ی ئه‌گه‌ر وانییه ئه‌و هه‌موو په‌رتی و بڵاوی و ئه‌وسه‌رو ئه‌وسه‌ری ئه‌ولا و ئه‌ولا بۆچی؟".
ئومێد خۆشناو ده‌شپرسێت: "ئه‌رێ گه‌لێك كێشه‌ی هه‌یه یان كه‌سێك؟، ئه‌گه‌ر گه‌ل كێشه‌ی هه‌یه، بفه‌رموون ئاوڕ له‌كێشه‌كه‌ی بده‌نه‌وه، نه‌ك خه‌م له كێشه‌ی كه‌سێك بخۆن كه چۆن و به چ ڕێگایه‌ك ببیته سه‌رۆك كۆمارێكی كارتۆنی چ له‌ده‌ست نه‌هاتووی عێراق!؟".
ده‌شڵێت: "ئه‌وان چوار ساڵه یاری به قوتی ژیانی ئێمه ده‌كه‌ن، سه‌د ساڵیشه یاری به هه‌ست و سۆز‌و خواستی ئێمه‌ده‌كه‌ن".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "ئه‌وان، چه‌ند مانگێك پێش بوو كه، ده‌ستی خۆیان دیت و ده‌ستی خیانه‌تی ناوخۆشمان بێگومان هاوكاربوون، چ جیاوازیه‌كیان له‌گه‌ڵ، به‌عس و سه‌دامی گۆڕبه‌گۆڕ هه‌بوو كه تانك و زریپۆش و تۆپخانه و سه‌رباز و میلیشیاكانیان رووه‌و كوردستان هێنا، ئه‌گه‌ر ئازایه‌تی پێشمه‌رگه و خاك ویستان نه‌با، ئێستا شتێك نه‌مابوو به‌ناوی هه‌رێمی كوردستان!".
راشیگه‌یاندووه كه "له‌تازه‌ترین داهێنانیش، خه‌ریكه نه‌ریتی مه‌جلیس ته‌شریعی دووباره‌ده‌بێته‌وه، كورد گه‌لێك هه‌ن، له‌سه‌ر لیستی سونه و شیعه‌ی عه‌ره‌بی كاندید ده‌بن، بۆ ئه‌و مه‌جلیسه!".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه "ئیتر كات و ده‌می ئه‌وه‌یه، بۆ ئیسپاتكردنی عاله‌می سه‌ر ڕووی زه‌مین، هێندێك بیر له كوردستان و ئاینده‌ی خۆمان بكه‌ینه‌وه و كێشه‌كانمان به‌لاوه بنێین و ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك جاریش بێت، بڕیارێكی ئازایانه و ئازادانه بده‌ین و هێندێك له‌مه‌رجه‌كانمان بخه‌ینه‌ڕوو، ئه‌وسا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ین. ئه‌گه‌ر وا بۆمان نه‌چووه سه‌ر، باشتر وایه بۆ عیراق و وڵاتانی پارێزگار له به‌ها مرۆیه‌كان و دیموكراسیخوازه‌كانی بسه‌لمێنین كه میلـلـه‌تێكین ئیڕاده‌مان به‌هێزه و ناچینه ژێر باری هیچ سته‌مێك".
ده‌شڵێت: "واته باشترین رێگا، بڕیاری ده‌سته جه‌معی بایكۆتكردنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یه، خۆ دونیا خراپ نابێ با جارێك به عیراقی تازه و خودان پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بڵێین، نه‌خێر".
دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه كه "هه‌ڵبه‌ت به‌شداری نه‌كردنێكی ئازایه‌نه، زۆر زۆر شه‌ره‌فمه‌ندتره له به‌شداریكردنێكی زه‌لیل، چی ده‌بێ تۆ بڵێی له‌وه خراپتر ببێت كه، له‌چه‌ند ساڵی رابردوو له‌برسیكردن و نان بڕین و گه‌مارۆ و ئه‌و هێرشانه‌ی كردیانه سه‌رمان زێتریان له‌ده‌ست بێت".
له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی رایگه‌یاندووه كه "بێگومان نا له‌وه زێتریان پێ ناكرێت، ئه‌گه‌ر نه‌فه‌سی خۆفرۆشی و خاك فرۆشی ناوخۆمان نه‌بێت....".
PM:05:45:20/02/2018
ئه‌م بابه‌ته 1592
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت