ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە غەرامە دەكرێن


وێستگه‌ نیوز ـ
كۆمپانیای جونۆن، كە كاری دانانی پێوەری میكانیكی ئاو دەكات، لە ماوەی رابردودا توانیویەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 215 هەزار پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنێت، بەپێی پێشنیارێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش هەر ماڵێك پێوەری نەبەستبێ بە بڕی 100 هەزار دینار غەرامە دەكرێت.


هۆشیار عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی كۆمپانیای جونۆن به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: لە ماوەی رابردوو كۆمپانیای جونون لە لایەن ستافەكانی دانانی پێوەری میكانیكی ئاو، توانیویەتی رێژەیەكی زۆر لە پێوەری ئاو بۆ ماڵان ببەستێت و لە ئێستاشدا دەستكراوە بە چارەسەركردنی ئەو پێوەرانەی كە كە كێشەیان هەیە بۆ ئەوەی لە مانگی نیسانی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ دەست بكرێت بە خوێندنەوەی پێوەر لە لایەن كۆمپانیای گرنگ.

ئەوەشی خستەڕوو، تەنها لە ناو شاری سلێمانی لە كۆی 165 هەزار هاوبەشی ماڵ، توانراوە 125 هەزار ماڵ پێوەری ئاوی بۆ ببەسترێت، ئەو ماڵانەشی كە تا ئێستا پێوەریان بۆ دانەنراوە، لەسەر ویستی خۆیان بووە.

باسی لەوەش كرد، بەشێوەیەكی گشتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی توانراوە نزیكەی 215 هەزار پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت.

وتیشی، "بڕیارە لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە خوێندنەوەی پێوەری ئاو دەستپێبكات، پێویسته‌ ئه‌و ماڵانه‌شی‌ تا ئێستا پێوەریان نەبەستووە، پێوەرەكانیان ببەستن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی پێشنیارێكی بۆ حكومەت و وەزارەتی پەیوەندیدار كردووە كە هەر ماڵێك پێوەری ئاو نەبەستێت به‌ بڕی‌ 100 هەزار دینار غەرامە بكرێت".

هــ. ر


PM:02:03:20/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 5062 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو