كێشەی پاشەكەوتكردنی مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش چارەسه‌ر كرا

‌هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ.. ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
كێشەی كەمكردنەوەی مووچەی پێشمەرگە شەھیدەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش چارەسه‌ر كرا و، ئەندامێكی فڕاكسیۆنی پارتییش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، "ھەر لای ئێمە وەزیری پێشمەرگە بەڵێنی ئەوەی وەرگرت كە پاشەكەوت لە مووچەكانیاندا ناكرێت".


حەیات مەجید، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبه‌كه‌ی راگەیاند، "لەگەڵ پەرلەمانتار كەژاڵ ھادی، سەردانی كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگەمان بە وەكالەت كرد لەبارەی بەدواداچوون و چارەكردنی پرسی پاشەكەوتكردنی مووچەی شەھیدانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەوەمان بە وەزیری پێشمەرگە گەیاند، كە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان لەم رەوشەدا ناتوانن بەو مووچەوە بژین و ناكرێت پاشەكەوت لە مووچەكەیاندا بكرێت، چونكە زۆربەیان باری ژیانیان باش نییە و كرێچین".

لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، هه‌زار و 800 پێشمەرگە و ئەندامانی ھێزەكانی ناوخۆ شەھید بوون و، بە ھەزارانیش بریندار بوون.

حەیات مەجید، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "ھەر لای ئێمە وەزیری پێشمەرگە پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندارەوە كرد و وەڵامەكەیشی وەرگرتەوە كە بە ھیچ شێوەیەك پاشەكەوت مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش ناگرێتەوە و، دڵنیایی ئەوەی پێ داوین كە تەنھا نووسراوێك ئاڕاستەی دارایی دەكرێت و ئیدی كێشەی كەمكردنەوەی مووچەكانیان كۆتایی ھات".

هــ. ر


PM:12:44:20/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 8300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو