داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ هێرشه‌كه‌ی هه‌رێمی داغستانی رووسیا راگه‌یاند

‌هێزە ئەمنییەکانی رووسیا لە هەرێمی داغستان

وێستگه‌ نیوز ـ
داعش لە رێی ئاژانسی "ئەعماق"ی زمانحاڵی رێكخراوه‌كه‌یه‌وه‌، بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەكەی شەوی رابردووی هەرێمی داغستانی باشووری رووسیا راگەیاند، كە كرایە سەر كەنیسەیەك و بووە هۆی كوشتنی پێنج كەس.


میدیاكانی رووسیا لە زاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی داغستان بڵاویان كردەوە، پیاوێك لە ناو ئاپۆرای خەڵك كە لە كەنیسە دەهاتنە دەرەوە، دەستی بە دەستڕێژی فیشەك كردووە و بەوهۆیەوە پێنج كەس كوژراون و بەلایەنی كەمەوە پێنج كەسی تریش بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی داغستان لەوبارەوە ئاشكرایكرد، "هێرشەكە لەلایەن كەسێكی نەناسراو و بە چەكێكی راوكردن لە ناوچەی كیزلیار ئەنجام دراوە، لەوكاتەی خەڵكی لە كەنیسەی شارۆكەكە هاتوونەتە دەرەوە، بكوژەكە دەستی بە تەقەكردن كردووە و چوار لە كوژراوانیش ژنن و یەكێكیان پیاوە".

ئاماژەی داوە، هێرشبەرەكە لەلایەن دوو لە ئەندامانی هێزی ئاسایشی ناوخۆ تەقەی لێ كراوەتەوە و دەسبەجێ كوژراوە و پۆلیسی ناوچەكەیش دووپاتی لەوە دەكاتەوە، هێرشەكە لەلایەن دوو كەسەوە ئەنجام دراوە، پیاوێك و ژنێك بوون، پیاوەكە كوژراوە، بەڵام ژنەكە لەناو ئاپۆرای خەڵك خۆی حەشار داوە و ویستوویەتی را بكات، بەڵام هێزەكانی پۆلیس توانیویانە بیگرن.

رەسوڵ تەمیربیكۆڤ، بەڕێوەبەری یاریدەدەری لقی لاوەكی لیژنەی لێكۆڵینەوەی رووسیا بە میدیاكانی راگەیاند، تەقەكەرەكە خەڵكی شارۆكەی كیزلیار بووە و هەر لەو شارۆكەیەش هێرشەكەی ئەنجام داوە، لەدایكبووی ساڵی 1995یش بووە.

دوای هێرشەكە، رێكخراوی داعش لە رێی ئاژانسی "ئەعماق"ەوە بەرپرسیاریەتی خۆیان لە هێرشه‌كه‌ی سەر كەنیسەكە راگەیاند، ئەم رووداوەش لە كاتێكدایە تەنیا دوو مانگ بۆ هەڵبژاردنەكانی رووسیا ماوە.

داغستان یەكێكە لە هەرێمەكانی رووسیای فیدراڵ و هاوسێی هەرێمی شیشانە و زۆرینەی دانیشتووانی مسوڵمانن و بە هەژارترین و پەراوێزخراوترین ناوچەی رووسیا دادەنرێت.

هــ. ر


AM:09:46:19/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 1372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو