عیراق چه‌ند ملیار دۆلاری له‌ کۆنفرانسەکەی كوه‌یت خڕكرده‌وه‌

‌نوێنەری وڵاتانی بەشداربوو لە کۆنفرانسەکەی کوەیت

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ی شوباتی 2018 ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی و بیانیی به‌شداربووی كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق كه‌ له‌ كوه‌یت به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵێنیاندا زیاتر له‌ 10 ملیار دۆلار ببه‌خشنه‌ عیراق.

لە سێیەمین رۆژی کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عیراق حكومه‌تی كوه‌یت دوو ملیار دۆلاری بۆ عیراق تەرخانکرد و شێخ سوباح  ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری كوه‌یت رایگەیاند، "بڕی یەک ملیار دۆلار وەک قەرز بە عیراق دەدەین و ملیارێک دۆلاریش بۆ وەبەرهێنان لە ئاوەدانکردنەوەی عیراق تەرخان دەکەین."

هه‌ر له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا نێردەی حکومەتی تورکیا رایگەیاند کە وڵاتەکەی 5 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی عیراق تەرخاندەکات،هاوكات عه‌ره‌بستانی سعودی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی عیراق تەرخانکرد.

عادل جوبێر، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی عیراق و پەرەپێدانی هەناردەکردن تەرخان دەکەین.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ئیمارات بەڵێنی دا 500 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی عیراق خەرج بکات و نوێنه‌ری فینله‌نداش رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی 10 ملیۆن دۆلار ده‌به‌خشێته‌ به‌غدا تا له‌ بواری هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین خه‌رج بكرێت.

كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراقدا كاره‌كانی له‌ كوه‌یت كۆتایی هات، و تیایدا 30 ملیار دۆلار بۆ حكومه‌تی به‌غدا كۆكرایه‌وه‌.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا كه‌ ماوه‌ی سێ رۆژی خایاند 76 وڵات و رێگخراوی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و 51 سندوقی گه‌شه‌پێدان و دامه‌زراوه‌ی دارایی و 107 رێكخراوی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی و هه‌زار و 850 نوێنه‌ری كه‌رتی تایبه‌ت به‌شدارییان كرد.


PM:06:04:14/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 3316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت