هه‌سه‌ده ژماره‌ی كوژراوانی سوپای توركیای له 24 كاتژمێری رابردوودا راگه‌یاند
وێستگه نیوز -
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌سه‌ده رایگه‌یاند كه له 24 كاتژمێری رابردوودا له عه‌فرین، چه‌ند هه‌وڵێكی سوپای تورك و چه‌كداره‌كانی بۆ پێشڕه‌وی تێكشكێندراوه و له ئه‌نجامی چالاكی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شه‌ڕڤانانیشدا، ده‌یان سه‌رباز و چه‌كداری سه‌ر به سوپای توركیا كوژراون و كوژرانی 37یان پشتڕاستكراوه‌ته‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، ناوه‌ندی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌نجامی شه‌ڕی 24 كاتژمێری رابردووی له عه‌فرین بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، هاتووه: "سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، سوپای توركیا به تۆپی دوورهاوێژ ده‌وروبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاڤرین-ی له سه‌نته‌ری شاری عه‌فرین بۆردوومان كرد‌و له ئه‌نجامدا هاوڵاتیه‌كی مه‌ده‌نی شه‌هیدبوو و هاوڵاتی دیكه‌ش برینداربوون، هه‌روه‌ها فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا گوندی جۆمكا-ی سه‌ر به عه‌فرینیان بۆردوومان كرد و به هۆیه‌وه زیانی زۆر به‌ر هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی كه‌وتووه".
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه "له كاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردوومانی گوندی شێخورزێیان كردووه، دواتریش سه‌رباز و چه‌كدارانی سوپای توركیا هه‌وڵی پێشڕه‌وییان داوه به ئاڕاسته‌ی گونده‌كه، به‌ڵام له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه به‌تووندی وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه و پاشه‌كشیان پێ كراوه و ژماره‌یه‌كی زۆر كوژراو و برینداریان لێكه‌وتووه‌ته‌وه، دواتریش گونده‌كه له زه‌مین و ئاسمانه‌وه بۆردوومان كرا".
هه‌سه‌ده ده‌ڵێت: "له شه‌وی رابردووه‌وه تا سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆش، سوپای توركیا به‌بێ وه‌ستان گونده‌كانی سنووری شارۆچكه‌ی شییه-ی تۆپباران كردووه".
هه‌ر له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو كه "له شه‌وی رابردووه‌وه تا ئێستا، شارۆچكه‌ی جندرێس و ده‌وروبه‌ری له زه‌وی و ئاسمانه‌وه بۆردوومان و تۆپباران كراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رووبه‌ڕووی هێرشی زه‌مینیی سوپای توركیا و چه‌كداره‌كانی بووه‌ته‌وه، به‌ڵام شه‌ڕڤانان به‌توندی به‌رپه‌رچی هێرشه‌كانیان داوه‌ته‌وه و تێكیانشكاندوون و ناچار به پاشه‌كشێیان كردوون".
هه‌سه‌ده راشیگه‌یاندووه كه "له گونده‌كانی حاجی ئه‌سكه‌نده‌ر و دێربه‌لوت-ی سه‌ر به شارۆچكه‌ی جندرێس، له چالاكی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كانی شه‌ڕڤاناندا، ده‌یان سه‌رباز و چه‌كداری سه‌ر به سوپای تورك كوژراون و كوژرانی 37یان پشتڕاستكراوه‌ته‌وه".
له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه "هاوكات گونده‌كانی محه‌مه‌دیه و دێوا بۆردوومان كراون، له ده‌وروبه‌ری گوندی ئاخجه‌لێ-ی جندرێسیش، شه‌ڕیكی سه‌خت ڕوویداوه و شه‌ڕڤانان هه‌وڵی سه‌ربازان و چه‌كدارانی سه‌ر به توركیان بۆ پێشڕه‌وی پووچه‌ڵكردووه‌ته‌وه و گورزی قورسیشیان لێداون".
PM:07:40:13/02/2018
ئه‌م بابه‌ته 2480
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت