‌به‌هۆی ئابڕوچونێكی سێكسییه‌وه‌ گه‌وره‌ به‌رپرسێكی رێكخراوی ئۆكسفام ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌

وێستگه‌ نیوزـ

جێگری سه‌رۆكی جێبه‌جێكار له‌ رێكخراوی خێرخوازیی ئۆكسام-ی به‌ریتانیا دوای ئاڵۆزتربونی پرسی "ئابڕوچونه‌ سێكسییه‌كه‌"] ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ هایتی، ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌.

هه‌ندێك له‌ كارمه‌ندانی رێكخراوی ئۆكسفام به‌وه‌ تۆمه‌تبار كراون كه‌ له‌كاتی دابه‌شكردنی هاوكاریی مرۆیی به‌سه‌ر خه‌ڵكی هایتی له‌ ساڵی 2011، له‌كاتی كاركردن و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كه‌یاندا چه‌ند كچه‌ سۆزانییه‌كیان هێناوه‌ و كاتی خۆیان به‌سه‌ر بردووه‌.

بینی لۆرانس، خانمه‌ جێگری سه‌رۆكی جێبه‌جێكار له‌ رێكخراوی خێرخوازیی ئۆكسام-ی به‌ریتانیا دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی وتی: "هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌م و هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌كیش له‌ماوه‌ی كاركردنم له‌ پۆسته‌كه‌مدا ده‌گرمه‌ ئه‌ستۆ".

هاوكات به‌رپرسێكی دیكه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ناوی هیلین ئیفانز به‌رپرسانی سه‌روو خۆی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌یان پشتگوێ خستووه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئابڕوچونه‌كه‌ی هایتی پێشكه‌شی كردون و به‌ كه‌ناڵی چواری به‌ریتانیای راگه‌یاند كه‌ رێكخراوه‌كه‌ هه‌ندێك له‌ ئابڕوچونی كارمه‌نده‌كانی په‌رده‌پۆش ده‌كات، وه‌ك كاری سێكسیی كارمه‌نده‌كان یان گێچه‌ڵكردن به‌ كچه‌ گه‌نجه‌ خۆبه‌خشه‌كان له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ به‌رێوه‌به‌رانی كۆگاكانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ به‌ریتانیا.

رێكخراوه‌كه‌ راپرسییه‌كی نهێنیی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌ كه‌ 120 كارمه‌ندی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ سێ وڵات به‌شدارییان تێدا كردوه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شی مایه‌ی نیگه‌رانی بووه‌، چونكه‌ 11% بۆ 14% به‌شداربوو وتویانه‌ كه‌ یان گێچه‌ڵیان پێكراوه‌ یان گێچه‌ڵه‌كه‌یان به‌چاوی خۆیان بینیووه‌، ده‌ریشكه‌وتووه‌ كه‌ به‌ته‌ها 7%ی كارمه‌ندانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ باشوری سودان گێچه‌ڵه‌كه‌یان یان بینیووه‌ یان سه‌روخۆیان له‌ لاقه‌كردن یان هه‌وڵی لاقه‌كردن ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌.

ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌وره‌ به‌رپرسه‌ی رێكخراوی ئۆكسفام له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پرسانی رێكخراوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ بینی مۆردۆنت، خانمه‌ وه‌زیری گه‌شه‌پێدانی به‌ریتانیا كۆبونه‌ته‌وه‌ تا هه‌وڵ بده‌ن حكومه‌تی به‌ریتانیا پشتیوانییه‌ داراییه‌كانی خۆی بۆ رێكخراوه‌كه‌ نه‌بڕێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كۆمسیۆنی ئه‌وروپا رایگه‌یاند كه‌ چاوه‌ڕوانی رونكردنه‌وه‌ و شه‌فافیه‌تی زیاتره‌ له‌ رێكخراوه‌كه‌ و ئاماده‌یی خۆشی ده‌ربڕی بۆ راگرتنی پشتیوانییه‌ داراییه‌كانی له‌ هه‌ر رێكخراوێك كه‌ پێوه‌ره‌كانی ره‌فتاری جوانی تێدا نه‌بێت.

له‌ ساڵی 2011 كۆمسیۆنی ئه‌وروپا یه‌ك ملیۆن و 700 هه‌زار یۆرۆر-ی بۆ به‌رنامه‌ خێرخوازییه‌كانی رێكخراوی ئۆكسفام له‌ هیایتی دابینكرد.

بینی لۆرانس، خانمه‌ جێگری سه‌رۆكی جێبه‌جێكار له‌ رێكخراوی خێرخوازیی ئۆكسام-ی به‌ریتانیا


PM:05:24:13/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 1196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌