پەرلەمانتارێک: عەبادی داوایکردووە دووبارە پێداچوونەوە بەلیستی مووچەخۆرانی هەرێمدا بکرێت


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەندامێکی کوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگەیاند، پێنج رۆژ بەر لە ئێستا، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای لە لیژنەی وردبینیی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم کردووە، دووبارە پرۆسەی وردبینی ئەنجام بدەنەوە.


رێبوار تەها، ئەندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق لەمیانی بەشداری لە پانۆڕامای كه‌ناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی وتی: "لیژنەکە پێنج رۆژە وردبینیان بۆ جاری دەووەم دەستپێکردووە و پێشبینی دەکرێت هەفتەیەک بۆ 10ی تر بخایەنێت".

لەبارەی هۆکاری دووبارەکردنەوەی پرۆسەکەش، وتی، "یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە حەیدەر عەبادی دەیەوێت زیاتر تەئکید لەوە بکاتەوە لیستەکە پاکبرێتەوە، هۆکارێکی تریش بۆ دروستکردنی کارتی فشار لەسەر حکومەتی هەرێم و یاریکردن بەکات دەگەڕێتەوە".

لە ماوەی رابردوو حکومەتی عیراق لیژنەیەکی بۆ وردبینی و پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، لیژنەکە کارەکانی لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دەستپێکرد، بەمەبەستی پاککردنەوەی لیستە لە مووچەخۆری بندیوار و ژمارەی ناراست.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراقیش لەچەندین وتەیدا تەئکیدی لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

هــ. ر


AM:08:32:13/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 7196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو