موراد قه‌ره‌یلان: بێ‌ ده‌نگ نابین له‌هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌فرین

‌موراد قه‌ره‌یڵان



وێستگه‌ نیوز-

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، بانگەوازیی سەفەربەریی بۆ بەرگریی لە عەفرین کرد و ڕایگەیاند، کە پەکەکە لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا بێدەنگ نابێت.

موراد قەرەیلان، له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ  كه‌ناڵی‌ ستێرک شەوی  سەبارەت بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕایگه‌یاند "پێوسیتە گەلەکەمان بەباشی ئەوە بزانن، کە تورکیا ئەو هێزەی نییە بچێتە ناو عەفرینەوە، سوپای تورک نۆ مانگ نەیتوانی دەست بە سەر نسێبیندا بگرێت، هەموو سەربازەکانی لە دژی نسێبین شەڕیان کرد، پاشان یان شێت بوون یان نەخۆش کەوتن، ژمارەیەکی زۆریشیان ڕایانکرد، نەیانتوانی بچنە ناو جزیرە، نسێبین و سوورەوە، تەنیا ئەو کاتە چونە ناو ئەو شارانەوە کە زانییان چەک و تەقەمەنی لە ناو شاردا کۆتایی هاتووە، ماوەی سێ مانگ لە باب هاتن و چون، ئایا توانیان باب بگرن؟، لە کۆتاییدا بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕوسیا و چەتەکانی داعش چوونە ناو بابەوە، ئێمەوە ئەو ٣٥ ساڵە لەگەڵ ئەو حکومەتە شەڕدەکەین، حکومەتی تورک دەنگە دەنگی زۆرە، بەڵام لە شەڕدا هیچ نییە، حکومەتی تورک ناتوانێت بچێتە ناو عەفرینەوە".

قەرەیلان وتیشی: یەپەژە، یەپەگە و قەسەدە لە ڕۆژئاوا تەنیا بۆ خۆیان شەڕیان نەکردووە، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی شەڕیان کردووە، پایتەختی داعشیان لە چنگیان دەرهێنا، ئەمریکا خۆی تورکیا، سوریا و ئێرانی وروژاند و پاشان وتی:"تورکیا حەقیەتی نیگەران بێت، ئێمە هیچ هێزێکمان لە عەفرین نییە"، بەم قسەیە دەیەوێت بڵێت، کە دەتوانن بچنە ناو عەفرینەوە، ئەو هەڵسوکەوتەی ئەمریکا باش نییە، هەڵوێستێکی باش نییە، لەلایەکەوە ئەو حکومەتانە دەوروژێنێت و لەلایەکی دیکەشەوە دەڵێت، کە بەرگری لە عەفرین ناکات، مرۆڤ بە بینینی ئەو هەڵوێستانە گومان دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: بۆچی ڕوسیا بۆ چەندەمنین جار دانیشتنەکانی سۆچی بەدوادەخات؟ چونکە کورد بەشداری ئەو دانیشتنانە نابێت و و ڕوسیاش باش دەزانێت کورد لە سوریادا خاوەنی هێز و ڕاستییە، تورکیا نایەوێت کورد لەو دانیشتنانەدا بەشداربێت، لە ڕوانگەی تورکیاوە کورد هەموویان تیرۆریستن، پێویستە هەموو جیهان ئەوە بزانن، کە پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چارەسەربوونی دۆزی کورد چارەسەرنابێت، پێویستە جیهان لەوە تێبگات و تورکیاش لەوە تێبگەیەنێت، بەڵام ئەو کارە ناکەن، بۆچی؟، چونکە لە تورکیا دەترسن، نەک لە بەر ئەوەی تورکیا بەهێزە، چونکە ئەگەر ئەوە بە تورکیا بڵێن جیدی ناتوانن سوود لە تورکیا وەربگرن، پێویستە جیهان ڕێگری بکات لە دڕندەیی و  فاشیزمی تورکیا، دەغدەغەی ئێمە وەک پەکەکە ئەوەیە، پێویستمان بەوە نییە کە پشت بە وڵاتانی دیکە ببەستین، ئێمە تەنیا پشت بە خۆمان دەبەستین و تەنیا دۆستی خۆمانین، دۆستی ئێمە چیایە، تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین ببینە خاوەنی هێز و ئیرادە.

قەریلان بەم شێوەیەش بەردەوامی بە قسەکانیدا: داوا لە دنیا دەکەین کە نەچنە بەرەی فاشیزمی تورکیاوە، ڕوسیا بزانێت کە تورکیا سیاسەتی قڕکردنی کورد بەڕێوەدەبات، حکومەتی تورک بەنیازە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر عەفرین، ئاسمانی عەفرینیش لە کۆنتڕۆڵی ڕوسیادایە، ئەگەر فڕۆکەیەک بە سەر ئاسمانی عەفرینەوە ببینرێت، تەنانەت ئەگەر هی تورکیاش بێت، بەو واتایە دێت، کە ڕوسیا ناردویەتی، گەلی کورد بەباشی لەوە تێدەگات.

 وتیشی: هێرش بۆ سەر عەفرین هێرشێکە بۆ سەر هەموو گەلی کورد، بەرخۆدانی عەفرینیش هاوشێوەی بەرخۆدانی کۆبانێیە، لە عەفرین کوردی ئێزدی، عەلەوی و هەموو کەم نەتەوە کوردەکان دەژین، لە چاوی عەفرینەوە دەتوانین هەموو کوردستان ببینین.

لە کۆتایی قسەکانیدا موراد قەرەیلان، وتی: "لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، پەکەکە ناوەستێت کە سەیری بکات، ئێمە گەریلاکانی بەرگری لە کوردستانین و تاقە پێوەرمان بەرگریی لە کوردستانە، ئەگەر هێرشێک بکرێتە سەر دەستەوتەکانی گەلی کورد، پشتیگریی دەکەین و بەرخۆدان دەکەین، هەروەها بانگەوازیی گەلی کورد و هەموو گەنجان دەکەین، ئامادەبن بۆ بەرگری لە عەفرین، لە کاتی هێرش بۆ سەر کۆبانێ دا ڕێبەر ئاپۆ بانگەوزیی سەفەربەریی کردبوو، ئەو بانگەوازییەی ڕێبەر ئاپۆ ئێستا بۆ عەفرین بەرقەرارە".

 



PM:08:19:20/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو