گه‌نجێكی كورد بۆ رزگاركردنی ژیانی منداڵێك هه‌ردوو قاچی له‌ده‌ست دا
وێستگە نیوز -
گه‌نجێكی كورد، به ناوی ئالان، له دایكبووی ساڵی 1991ی شاری هه‌ولێره و نزیكه 2 ساڵه له كامپه‌كانی سه‌ر سنووری نێوان هه‌ردوو وڵاتی فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا په‌نابه‌ره، له كاتی چوونییان بۆ به‌ریتانیا و رزگاركردنی ژیانی منداڵێك له رێگا، خۆی ده‌كه‌وێته به‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ر و هه‌ردوو قاچی له ده‌ست ده‌دات.
ئالان، له بنه‌ڕه‌تدا ناوی پێشڕه‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن هاوڕێكانی له كامپ، هه‌ر به ئالان ناسراوه، دوای رووداوه‌كه، له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری لیلی فه‌ره‌نسا چاره‌سه‌ری بۆ كراوه، هه‌رچه‌نده هه‌ردوو قاچی بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام به گشتی ته‌ندرووستی جێگیره و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی نه‌ماوه.
ئه‌و گه‌نجه هه‌ولێرییه، ئه‌ندامی رێكخراوی (Refugee Counsel) بووه کە بۆ کاروباری پەنابەران لە كامپی دانكیخی فه‌ره‌نسا دامه‌زرابوو، وه‌ك خۆبه‌خشێكیش له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی دیكه‌ی له كامپه‌كه، چێشتیان بۆ زیاتر له 3 هه‌زار په‌نابه‌ر ئاماده ده‌كرد.
به گوێره‌ی وته‌ی هاوڕێیه‌كی ئالان، به‌ناوی پشتیوان محه‌مه‌د، كه ماوه‌ی زیاتر له 4 مانگ له كامپی دانكیخی فه‌ره‌نسا به یه‌كه‌وه بوونه، ئالان، ھەوڵی رزگارکردنی منداڵێکی داوە لەسەر ھێڵی شەمەندەفەر، کاتێک پۆلیس بەدوایانەوە بووە، دوای ئەوەی منداڵەکە رزگار دەکات، خۆی به‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌كه‌وێت و هه‌ردوو قاچی لەدەست دەدات، ناوبراو ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری لیلی فەرەنسایە و چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ كراوه.
به گوێره‌ی وته‌ی هاوڕێكانی، ئالان له ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵی رابردوو، نزیكه‌ی 100 جار هه‌وڵیداوه سنوور ببڕێت و خۆی بگه‌یه‌نێته به‌ریتانیا و له‌وێش رێستورانتێك بۆخۆی بكاته‌وه، به‌ڵام به‌خت یاوه‌ری نه‌بووه.
وه‌ك هاوڕێیه‌كی باسی ده‌كات، ئالان له‌گه‌ڵ خێزانێك، ویستوویانه له‌ده‌ست پۆلیس رابكه‌ن و له‌سه‌ر هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌ر رایان كردووه، له‌و كاته‌ی گوێیان له ده‌نگی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بووه كه لێیان نزیك ده‌كه‌وێته‌وه، له‌و كاته‌ش ئالان هه‌وڵده‌دات منداڵێكی خێزانه‌كه رزگار بكات كه له‌سه‌ر هێڵه‌كه گیری خواردووه.
دواجار ئالان ژیانی منداڵه‌كه رزگار ده‌كات، به‌ڵام خۆی به‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه ده‌كه‌وێت و هه‌ردوو قاچی له‌ده‌ست ده‌دات.
په‌نابه‌رێكی كوردیش، كه نزیكه‌ی ساڵێك و دوو مانگ له‌گه‌ڵ ئالان بووه، چۆنیه‌تی رووداوه‌كه باس ده‌كات و ده‌ڵێت: "یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ی په‌نابه‌ران پێی ده‌چنه به‌ریتانیا، هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌ری نێوان فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیایه كه به توونێلێك له ژێر ئاودا ده‌ڕوات".
به گوێره‌ی وته‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره، پۆلیس چاودێرییه‌كی توندی ئه‌و وێستگه‌یه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به په‌رژینی كاره‌بایی هه‌وڵیانداوه رێگری له په‌نابه‌ران بكه‌ن خۆیان بگه‌یه‌ننه سه‌ر هێله ئاسنینه‌كه.
وه‌ك په‌نابه‌ره كورده‌كه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌و په‌رژینه‌ی له‌سه‌ر هێله ئاسنینه‌كه درووست كراوه، به‌شێوه‌یه‌ك ته‌سك كراوه‌ته‌وه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك شوێنی كه‌سانی دیكه نابێته‌وه ئه‌گه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ری پێدا تێپه‌ڕ بێت، هه‌موو ئه‌و ئه‌و رێوشوێنانه‌ش ته‌نها بۆ رێگریكردنه له تیپه‌ڕبوونی په‌نابه‌ران به‌ناو هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بۆ تونێله‌كه.
هاوڕێكه‌ی ئالان ده‌ڵێت: "له‌و كاته‌ی ئالان و خێزانێكی دیكه توانیویانه په‌رژینه كاره‌باییه‌كه ببڕن، شه‌مه‌نده‌فه‌ر لێیان نزیك كه‌وتووه‌ته‌وه‌ته‌وه، له‌و كاته‌شدا منداڵێك له‌سه‌ر هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه گیری خواردووه، بۆیه ئالان ژیانی منداڵه‌كه رزگارده‌كات، به‌ڵام خۆی به‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه ده‌كه‌وێت و له ئه‌نجامیش قاچه‌كانی له‌ده‌ست ده‌دات".
PM:10:06:19/01/2018
ئه‌م بابه‌ته 28684
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت