وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان روو له‌بازاڕه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن
وێستگه نیوز- niqash - سەرچین ساڵح
كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی كوردستان به‌ده‌یان وه‌به‌رهێنی پاڵناوه ده‌ست له‌كاروكه‌سابه‌تیان له‌كوردستان هه‌ڵبگرن‌و سه‌رمایه‌كه‌یان له‌ناوه‌ڕاست‌و خوارووی عێراق بخه‌نه گه‌ڕ.
سێ ساڵ قه‌یرانی دارایی‌و شه‌ڕو كێشه ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌كان گورزی ئێجگار گه‌وره‌یان له‌بازاڕی كوردستان وه‌شاندووه، كاره‌كه به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوه سه‌رمایه‌گوزاره بیانییه‌كان له‌بازاڕه‌كانی كوردستان پاشه‌كشه بكه‌ن، به‌ڵكو خودی سه‌رمایه‌دارانی كوردیش ئێستا زۆریان بازاڕه‌كانی كوردستان به‌ژینگه‌یه‌كی گونجاو نازانن بۆ كاركردن.
عومه‌ر ئیسماعیل وه‌به‌رهێنه‌رێكی دانیشتووی پارێزگای سلێمانییه، ئێستا به‌شی هه‌ره زۆری چالاكییه بازرگانییه‌كانی له‌شاره‌كه‌ی خۆی گواستووه‌ته‌وه بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق، چونكه پێی وایه ئه‌گه‌ر ده‌روازه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ بره‌ودان به‌كاره‌كانی، ئه‌وا ته‌نیا شاره‌كانی عێراقه نه‌ك كوردستان.
كێشه‌ی عومه‌رو وه‌به‌رهێنه‌كانی دیكه ئه‌وه‌یه به‌هۆی قه‌یرانی دارایی‌و سیاسییه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك جاران پاڵپشتییان ناكات، ئه‌مه‌ش زیانی به‌كاره‌كانی ئه‌وان گه‌یاندووه.
عومه‌ر به"نیقاش"ی وت "گه‌وره‌ترین كێشه‌مان ئه‌وه‌یه حكومه‌ت به‌رهه‌می ناوخۆ ناپارێزێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كارئاسانیه‌ك ناكات بۆ وه‌به‌رهێن له‌ڕووی پێدانی كاره‌باو سوته‌مه‌نیه‌وه، هه‌روه‌ها رسومات زۆر بووه به‌راورد به‌ساڵانی رابردوو ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران نه‌هێشتوه‌ته‌وه كه كاری وه‌به‌ر هێنان بكه‌ین".
ئه‌و وه‌به‌رهێنه له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوبه‌شێكیدا نزیكه‌ی دووساڵه سه‌رقاڵی دروستكردنی وێستگه‌یه‌كی كاره‌بایه له‌به‌غداد، له‌پارێزگای نه‌جه‌فیش پرۆژه‌ی كارگه‌یكی چیمه‌نتۆیان دروستكردووه، به‌ڵام به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه كاره‌كانیان له‌وێش هێواش بووه‌ته‌وه.
له‌ساڵی 2014ه‌وه قه‌یرانی سیاسی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا بووه هۆی بڕانی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین گورزبوو له‌ئابوری هه‌رێم كه چه‌ند ساڵێك بوو بره‌وی به‌رچاوی به‌خۆوه دیبوو، ئیتر ورده ورده زۆربه‌ی پرۆژه‌كانی وه‌ربه‌هێنان وه‌ستان‌و ئه‌وانه‌شی ته‌واوكرابوون ئه‌وه‌نده چالاكییان كه‌مبووه‌وه كه به‌شێكیان به‌ته‌واوی داخران.
به‌پێی یاسای وه‌به‌ر هێنان له‌هه‌رێمی كوردستان حكومه‌ت هاوكاری وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كات له‌رووی پێدانی سوته‌مه‌نی‌و پێدانی كاره‌با، هه‌روه‌ها دوای تێپه‌ڕبونی 10 ساڵ به‌سه‌ر ته‌واوبونی پرۆژه‌كه‌دا ئینجا باج ده‌خرێته سه‌ریان.
ئه‌حمه‌د عه‌لی وه‌به‌رهێنێكی دانیشتووی پارێزگای هه‌ولێره‌و چه‌ند ساڵێكه خه‌ریكی دروستكردنی پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانه له‌پارێزگای كه‌ركوك كه پێكدێت له‌مۆڵێك‌و بازاڕێك‌و بڕی 50 ملیۆن دۆلاری ته‌رخان كردووه، هه‌روه‌ها پرۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبونی له‌پارێزگای زیقار وه‌رگرتووه، به‌ڵام هێشتا كاركردنی له‌پرۆژه‌كه‌دا ده‌ست پێنه‌كردووه.
ئه‌حمه‌د به"نیقاش"ی وت "هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرایه بازاڕی هه‌رێمی كوردستان بازارێكی سارده‌و قه‌یرانێكی ئابوری هه‌یه، سه‌رمایه‌داریش به‌دوای ده‌رفه‌تی كاردا ده‌گه‌ڕێت له‌هه‌ركوێ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ده‌ستكه‌وێت له‌و شوێنه سه‌رمایه‌كه‌ی ده‌خاته خزمه‌تی وه‌به‌رهێنانه‌وه، بۆ ئێمه ئێستا ناوه‌ڕاست‌و خوارووی عێراق باشترین بازاڕه".
وتیشی "وه‌به‌ر هێنه‌رانی كورد سودیان له‌و ده‌رفه‌ته وه‌رگرتووه كه له‌پارێزگاكانی عێراق دروست بووه كارێكی باشیشه له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ری كورد له هه‌ركوێ وه‌به‌رهێنان بكات له‌كۆتایدا قازانجه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان".
ئه‌و دوو وه‌به‌رهێنه‌ره ساڵانی رابردوو له‌هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانیان ئه‌نجامداوه له‌كه‌رتی كاره‌باو كارگه‌ی چیمه‌نتۆو كارگه‌ی ئاسن‌و شیش‌و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون‌و هۆتێل، به‌ڵام به‌وته‌ی خۆیان بازاڕیان نییه‌و به‌شێكی تر له‌پرۆژه‌كانیان ئه‌وانه‌ن كه به‌شێكیان ته‌واو كردووه‌و به‌هۆی نه‌مانی بازاڕه‌وه وه‌ستاندویانه.
هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی نزیكه‌ی هه‌زار وه‌به‌رهێنه‌ره له‌و ژماره‌یه 100 كه‌سیان وه‌به‌رهێنه‌ری به‌توانان، له‌وانه‌ش 20%یان له‌پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست‌و خوارووی عێراق‌و به‌شێكی كه‌میان له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن.
یاسین مه‌حمود وته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان به"نیقاش"ی وت "له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا توشی قه‌یرانی دارایی‌و خاوبوونه‌وه‌و پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی وه‌به‌رهێنان بوین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان نه‌ماوه‌و هه‌ندێك له‌پرۆژه‌كان سوودیان له‌ده‌ستداوه، بۆیه له‌سه‌دا بیستیان بازاڕی هه‌رێمی كوردستانیان جێهێشتووه".
ده‌شڵێت "هۆكاری چونی وه‌به‌رهێنان بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم‌و بۆ پارێزگاكانی خوارووی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كه‌رتی وه‌به‌رهێنان دروستی كردوون، چونكه حكومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی هه‌ندێك رێنمایی ده‌ركردووه كه پێچه‌وانه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنانه، به‌پێی یاسای وه‌به‌هێنان ده‌بێت كاره‌بای به‌رده‌وام به‌نرخی هاندان بدرێت‌و نابێت باج له‌وه‌به‌رهێنان وه‌ربگیردرێت تاماوه‌ی 10 ساڵ، به‌ڵام حكومه‌ت پێچه‌وانه‌ی یاسا‌و رێنماییه‌كان كارده‌كات".
به‌پێی ئاماره‌كانی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان كه یاسین مه‌حمود باسیده‌كات وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌رێم زیاتر له‌دووملیار دۆلار سه‌رمایه‌یان له‌پارێزگاكانی عێراق خستووه‌ته گه‌ڕو ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رمایه‌یه له‌هه‌رێمی كوردستان كاری وه‌به‌رهێنانی پێبكرایه هه‌لی كاری بۆ زیاتر له80 هه‌زار هاوڵاتی ده‌سته‌به‌ر ده‌كرد".
راسته ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی وه‌به‌رهێنه‌ران بازاڕه‌كانی كوردستانیان جێهێشتووه‌و تیاشیاندایه به‌ته‌واوی مایه‌پووچ بووه، به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆر وه‌به‌رهێنان له‌كوردستان هه‌ن كه شه‌ڕی ئه‌و بارودۆخه سه‌خته ده‌كه‌ن‌و پێیان وایه رۆژێك دێت ده‌روویه‌ك له‌و بارودۆخه چه‌قبه‌ستووه بكرێته‌وه‌و ئه‌وانیش بازاڕه‌كه‌یان ببوژێته‌وه.
AM:10:27:19/01/2018
ئه‌م بابه‌ته 3581
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت