سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ: پارتی‌ و یەكێتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عیراقن


وێستگە نیوز- 
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەكانن لەكاتی خۆیدا، بەڵام پارتی و یەكێتی لەگەڵ دواخستنیدان.

ئەحمەد حاجی ڕەشید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی عیراق بە كەناڵی (پەیام) زمانحاڵی حزبەكەی راگەیاندووە، وەك فراكسیۆنی كۆمەڵ لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەی‌ هەڵبژاردندان لەكاتی خۆیدا، بەو پێیەی‌ دواخستنی پێچەوانەی‌ دەستووری فیدراڵییە.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتوشیەتی "بەحساب لەسەر داوای سووننەكان هەڵبژاردن دوادەخرێت‌ و ڕۆژی شەممەی‌ داهاتووش ئەو بابەتە دەخرێتەوە دەنگدان"، ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "هەریەكە لە پارتی‌ و یەكێتی بەپێچەوانەوە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكاندان".

ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ كۆبووەوە ‌و بڕیار بوو دەنگ لەسەر دیارییكردنی كاتی هەڵبژاردنە گشتییەكان بدات كە حكومەتی‌ عێراق ڕۆژی 12ی‌ ئایاری ئەمساڵی بۆ دیارییكردووە، بەڵام سووننەكان داوای دواخستنی دەكەن.

پێشتریش ئه‌شواق جاف ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ فراكسیۆتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌كو پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانداین له‌كاتی‌ خۆیدابكرێت.  

وتیشی‌" ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن مادده‌یه‌كی‌ ده‌ستورییه‌ و ده‌بێت رێز له‌ ده‌ستور بگیرێت". 

ئه‌شواق جاف ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌، هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك زۆرخراپه‌ بۆیه‌ وه‌كو  پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بایكۆدی‌ هه‌ڵبژاردنمان كرد، چونكه‌ ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هێزی‌ چه‌كداریدا كورد ده‌ر ده‌كرێت. 

ئاشكراشیكرد: عێراق ده‌یه‌وێت كه‌ركوك بێ‌ به‌شبكات له‌ به‌شداری‌ كردنی‌ هه‌ڵبژاردن، چونكه‌ ترسیان هه‌یه‌ ناسنامه‌ی‌ كوردستانی‌ له‌و ناوچه‌یه‌ په‌سه‌ند بكرێت، چونكه‌ له‌كاتی‌ ریفراندۆمدا ناسنامه‌ی‌ كه‌ركوك ده‌ركه‌وت كه‌ ناسنامه‌یه‌كی‌ كوردستانیه‌ و ترسیان هه‌یه‌ جارێكی‌ دیكه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ رون بێته‌وه‌ كه‌ ناسنامه‌ی‌ ئه‌م شاره‌ چیه‌. 


PM:08:47:18/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت