كاتی دەستبەكاربوونی لیژنە فەرعییەكان بۆ مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی ئاشكرابوو


وێستگە نیوز-
سەرۆكی لیژنەی پێداچونەوەی لیستی موچەخۆرانی پەروەردە و تەندروستی هەرێم لە حكومەتی عیراق رایگەیاندووە، رۆژی یەكشەممە لیژنەی فەرعیەكان دەست بەكارەكانی دەكات بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەت.

ئەمین بەكر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، قاسم عینایە، سەرۆكی لیژنەی پێداچونەوەی لیستی موچەخۆرانی پەروەردە و تەندروستی هەرێم پێی ڕاگەیاندووە رۆژی یەكشەممە لیژنەی فەرعیەكان دەست بەكارەكانی دەكات بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەت.

ئەمین بەكر، ئاماژەی بەوەكردووە قاسم عینایە پێی وتووە كارەكان بە دوو شێوە دەكرێن، یەكەم، چەند لیژنەیەك پێداچوونەوە بەلیستی موچەكاندا دەكەن لەڕوی گونجانی نێوان ژمارە و یەكەكانی خوێندن یان تەندروستی، گونجانی بڕی موچەو دەرماڵەكانیان لەگەڵ پلەی وەزیفی و بڕوانامە و ساڵانی خزمەت و ناوی دوبارە و تەمەن.

هەروەها دووەمیش، چەند لیژنەیەكی فەرعی كە زیاتر لەفەرمانبەرانی دیوانی چاودێری دارایی عیراق پێكدێن سەردانی هەرێم دەكەن و بەشێك لە دەزگاو خوێندنگە و نەخۆشخانەكان بەسەر دەكەنەوە تا بزانرێت ئەو كەسانەی موچە وەردەگرن لەسەر ئەو ناوەندانە فەرمانبەری حەقیقین یان وەهمی و ژمارەیان چەند گونجاوە لەگەڵ پێداویستیەكانی ئەو دەزگایە یان خوێندنگەیە.


PM:08:10:18/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 5208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت