تیله‌رسن: ده‌بێت كۆریای باكور ناچار بكرێت بێته‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ


وێستگه‌ نیوزـ

لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە کۆریای باکور بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کە ژمارەیان دەگەیشتە 20 وڵات كۆك بوون له‌سه‌ر  ئه‌وه‌ی كه‌ دەبێت فشارەکان و سزاکانی سەر کۆریای باکور وەک خۆیان بمێننەوە بۆ ئەوەی پیۆنگیانگ ناچار بکەن واز لە بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی بهێنێت.

ڕێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی کۆبونەوەکەدا کە ڤانکۆڤەری کەنەدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ڕۆژێک دەخایەنێت وتی" دەبێت خەرجییەکانی سەر ڕژێمەکە زیاتر بکەین بەهۆی ڕەفتارەکانیەوە تا کۆریای باکور ناچار بێت ئامادە بێت لەسەر مێزی گفتوگۆکان بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن." 

تیلەرسن داواشی لە چین و ڕوسیا کرد بەتەواوەتی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکور جێبەجێ بکەن.

هاوكات تارۆ کونو، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن وتی دەبێت جیهان هەڵنەخەڵەتێت بەوەی کە ئێستا کۆریای باکوور دەستی کردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ سیئۆلدا پێش یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانە لە شاری پیۆنگچانگی کۆریای باشور.

وتیشی " هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە فشارەکانی سەر کۆریای باکور کەم بکرێنەوە. چوونی کۆریای باکور بۆ ناو گفتوگۆکان دەتوانین بڵێین کە بەڵگەیەکە لەسەر سەرکەوتنی سزاکان."

هەریەک لە چین و ڕوسیا بە توندی ڕەخنەیان لە کۆبوونەوەکەی ڤانکۆڤەر گرت و بەشداریان تێیدا نەکرد.

لە لێدوانێکی جیادا ئەنتۆنیۆ گۆتێریچ، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە پێویستی و گرنگی جێبەجێکردنی سزاکان سەر کۆریای باکووری کرد و وتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاسانکاری دەکات بۆ گفتوگۆکردن.

گۆتێریچ پێشوازیشی لە کردنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی نێوان هه‌ردوو دوو کۆریاکە کرد بەتایبەتی هێڵی پەیوەندییە سەربازییەکان و وتی کردنەوەی ئەو جۆرە هێڵانە زۆر گرنگە بۆ دورکەوتنەوە لە هەڵە تێگەیشتن.


AM:08:58:17/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو