ئه‌ردۆغان: ئه‌و سوپایه‌ ده‌خنكێنین كه‌ ئه‌مریكا له‌ سوریا دایده‌مه‌زرێنێت

‌ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا

وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆك کۆماری تورکیا رایگه‌یاند: ئامادەکارییەکانمان تەواو بوون و لەماوەیەکی کەمدا سوپای تورکیا پرسی عەفرین و منبج چارەسەر دەکات و دەچنە ناوچه‌كانی تریش.

لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەیەک لە شارۆچکەی سینجانی سەر بە ئەنقەرە ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی:: "بەشێک لە سووریا لەسەر سنور ھەڕەشەمان لێ دەکەن و دەیانەوێ تورکیا گۆشەگیر بکەن، پەیەدە و یەپەگە و داعش و ھەر چییەک بێ ھەڵدەکوتینە سەریان".

وتیشی : "لە ئێستادا بە تۆپخانەکان لێیاندەدەین، بەردەوامیش دەبین. چاوەڕوانن ئێمە خۆمان بە قاوغەکەی خۆماندا بکەین و ئێوە لێمان بدەن؟ ئێمە پێشنیازمان کرد بۆیان کۆتایی بەم رێکخراوە تیرۆریستییانە بھێنرێت. ئێمە وتمان ھەرگیز قبووڵی ناکەین رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە رێکخراوێکی دیکەی تیرۆریستی لەناوببرێت. ئەگەر ئێمە ھاوبەشی مۆدێلی ستراتیجی بین، پێویستە ئەم کار لەگەڵ ئێمەدا بکەن".

ئەردۆغان راشیگەیاند :"وڵاتێک کە ئێمە بە ھاوپەیمان ناوی دەبەن، سەرەڕای گشت ھۆشداری و ناڕەزایەتییەکانمان پێداگرە لەسەر پێکھێنانی سوپایەکی رێکخراوی تیرۆریستی بە درێژای سنوورەکانی ئێمە. دامەزراندنی پێکھاتەیەکی تیرۆریستی بە درێژای سنورەکانی تورکیا، بەدەر لە وڵاتی تورکیا ھیچ ئامانجێکی دیکەی نییە". 

سەرۆك کۆماری تورکیا، داوای لە ئەمریکا کرد کە هەڵوێستی خۆی ئاشکرا بکات و وتی: "خۆشحاڵ دەبین کە ئەمریکا واز لە یاریکردن بە وشەکان بھێنێ و نیازی خۆی بە ئاشکرای روون بکاتەوە. چونکە بۆ ئێمە ئەو وتەیەی لە دەم دەردەچێت زۆر گرنگە،ئەگەر بەرپرسی وڵاتێک بڵێ کە پێکەوە بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە ئەوا ئەمە دەبێتە وتەیەکی گرنگ و پەیوەست دەبین پێی. ئەمریکا بڕیاریداوە بە درێژایی سنوری وڵاتەکەمان سوپایەکی تیرۆر دابمەزرێنێت. ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەوەیە، ئەو سوپایە بخنکێنین بەرلەوەی لەدایکبێت".

ئەردۆغان وتیشی: "ئەمریکا سوپایەکی 30 ھەزار کەسی لە رێکخراوێکی تیرۆریستی پێکھێناوە و چوار ھەزار و 800 بارھەڵگر چەکی بۆ رەوان کردوون. چی دەنێرێت با بنێرێت. ئەو سوپا 30 ھەزارییەی کە دایدەمەزرێنی نوێنەرایەتی تۆ لەو شوێنە ناکات و تۆش ریسوا دەبیت لە بەرامبەر ھاوپەیمانی ستراتیجیت". 

جه‌ختیكرده‌وه‌ و وتی: "بە ئیزنی خوا، لەماوەیەکی کەمدا، سوپای تورکیا پرسی عەفرین و منبج چارەسەر دەکات. ئامادەکارییەکانمان تەواو بوون، ھەر ئانوساتێک دەشێت دەست پێ بکات،دواتر دەچنە شوێنەکانی تریش". 

لەبارەی ھەوڵی ئەمریکا لەمەڕ دامەزراندنی سوپایەک لە پەیەدە- پەکەکە لە سوریا ئەردۆغان وتی: ''ئێمە زۆر باش دەزانین ئەمانە چەند ناپاک و دووڕوون. ئەم سوپایە ناوی سوپای ناپاکانە، با ئەمە بەو شێوەیە بزانرێت. ھەر ئەمانە دوو رۆژی تر کە سەربازانی ئەمریکا کەوتنە تەنگانەوە، ئەوەی کە یەکەم کەس روی لوولەی تفەنگیان تێدەکات، ئەم 30 ھەزار تیرۆریستەن''. 

دەشڵێت: "ئەوەی ئێمە بە ھەموو ھاوپەیمان و دۆستەکانمان گوتووە و دەیڵێین ئەوەیە؛ لە نێوان ئێمە و تیرۆریستان مەوەستن، مەیەنە نێوان ئێمە و رەوە خوێنڕێژەکاندا. ئەگینا بە پێچەوانەی ئەمەوە ئەگەر رووداوێکی نەخوازراو روو بدات ئێمە بەرپرسیاری نین. خۆتان ئاڵاکانتان لەسەر بنکە سەربازییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی لابەرن، تاکو ئێمە ناچار نەبین ئەو ئاڵایانە رادەستی ئێوە بکەینەوە. ھێماکانتان لەسەر جلی تیرۆریستان لابەرن، تاکو ئێمە ناچار نەبین لەگەڵ تیرۆریستان ئەوانیش (ئەو ھێمایانە) بنێژین". 

ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا وتیشی: "ھەروەک چۆن لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات یارییەکەمان تێکدا، یارییەکانی دیکەش تێکدەدەین. خوا گەورەیە. پێکەوە دەیبینین". 


PM:07:11:15/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 2828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت