‌سەركردەیەكی یەكێتی: چاوەڕوانی هیمەت و دەستپێشخەری كاك كۆسرەتین

وێستگە نیوز-
سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت چاوەڕوانی هیممەت و دەستپێشخەرییەكی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی حزبەكەیانن بۆ سازكردنی كۆبوونەوەی سەركردایەتی و دیاریكردنی كۆنگرەی چوارەم.

ئاسۆی شێخ نوری سەركردە و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی لە دوا كۆبوونەوەی ئاسای خۆیدا بە هۆی چەند گرفتێكی ناوخۆییەوە نەیتوانی هەموو ئەو بڕیار و پێشنیارانە پەسەند بكات كە خرابوونە ئەجندای كۆبوونەكەوە و كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام كۆتایی پێ هێنرا بوو، نەخۆشكەوتنی كۆسرەت رەسوڵیش دەرفەتی كۆبوونەوەیەكی تری سەركردایەتی نەدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە ئێستادا كە كاك كۆسرەت بە سەلامەتی و تەندروستی باشەوە گەڕاوەتەوە ناومان، هەموو لە چاوەڕوانی هیمەت و دەستپێشخەریەكی كاك كۆسرەتین كە پاش حەسانەوەو پشوودانی، لە نزیكترین دەرفەتدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی سازبدات".

ئاسۆ شێخ نوری وتوشویەتی "لەو كۆبوونەوەیەدا هەموو ئەو بڕیارو ڕاسپاردانەی كە لە دواین كۆبونەوەی سەركردایەتیدا بە هەڵپەسراوی ماونەتەوە پەسەند بكرێت، لە هەمووشیان گرنگتر دیاریكردنی كاتی بەستنی كۆنگرە و پێكهێنانی كۆمیسێۆنی ئامادەكاری كۆنگرەیە كە بە پێی مادەی (١٧) ی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی سێیەم لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی سەركردایەتیدایە".

رۆژی 4-11-2017 دوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی لەشاری سلێمانی بەسترا.


PM:09:41:12/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌