"پارتی لەهەوڵدایە بۆ دروستكردنی لیستی هاوبەشی كوردی"

‌لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عیراق هەوڵێكی حزبەكەی و یەكێتی ئاشكرا دەكات بۆ دروستكردنی لیستێكی هاوبەش بۆ بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ناوچە كێشە لەسەرەكان.

ئیسلام حسێن، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عیراق بە وێستگە نیوزی راگەیاند، وەكو دەبینن لە ناوچە كێشە لە سەرەكان توركمان یەك هاوپەیمانن، عەرەبەكانیش بە دەیان جیاوازی، بەڵام هاوپەیمانیان دروستكردووە، بۆیە پارتی هەوڵ دەدات ئەگەر بكرێت لە كوردستان و بەتایبەتیش لە ناوچە كێشە لەسەرەكان لایەنە كوردییەكان بە جیاوازی بۆچوونیشیان هاوپەیمانییەك دروست بكەن.

سەبارەت بە راگەیاندنی لیستی (نیشتمان) لەلایەن گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، پەرلەمانتارەكەی پارتی وتی "راستە ئەو هاوپەیمانییە دروستكراوە، بەڵام پارتی و یەكێتی لە هەوڵدان تا ئەمڕۆش بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەك، ئەوەش لەپێناو پەرش نەبوونی دەنگی كورد بەرامبەر هاوپەیمانی عەرەب و توركمانەكان، بۆیە كوردیش بە یەك هاوپەیمانی بەشدار بین باشترە".
 
سەبارەت بەوەی كات بۆ هاوپەیمانی دەمێنێت، ئیسلام حسێن روونیكردەوە هەرچەندە رۆژی 11-1-2018 دوا كات بوو، بەڵام ئەگەر نیەت پاك بێت لەو باوەڕەدان كات بۆ بەستنی هاوپەیمانی ماوە.

بڕیار وایە رۆژی 12-5-2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 15 پارێزگای عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت،  لیستی نیمچە كراوەش واتە دەنگدەر بۆی هەیە دەنگ بە لیست و كاندیدەكە بدات.


PM:09:01:12/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 2864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو