سەركردەیەكی یەكگرتوو: بۆ جێبەجێكردنی داواكانمان چاوەڕێی حكومەتین بەنووسراو وەڵاممان بداتەوە

‌د.شێركۆ جەودەت

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان بۆ مانەوە لە حكومەتی هەرێم داوایان لە حكومەت كردووە بە نووسراوی فەرمی وەڵامیان بدەەنەوە.

د.شێركۆ جەودەت، ئەندامی سەركردایەتی و پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، داوایان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بە نووسراوی فەرمی و بە بەڵێ و بە نەخێر بۆ داواكارییەكانیان وەڵامیان بداتەوە و چاوەڕێن.

سەبارەت بەوەی ئەگەر وەڵامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داواكارییەكانیان جێی رەزامەندی ئەوان نەبوو هەڵوێستیان چی دەبێت، سەركردەكەی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەكرد، مۆڵەتەكە تا 15-1-2018یە و دەبێت دوای ئەو بەروارە سەركردایەتی یەكگرتوو بڕیاری یەكلاییكەرەوە بدات.

رۆژی 20-12—2017 بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كشانەوەی خۆیان لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم راگەیاند، بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم چەند داواكارییەكیان بۆ چاكسازی لە حكومەت پێشكەشكردن و تا 15-1-2018یان وەكو دوا مۆڵەت دیاریكرد بۆ مانەوە یان كشانەوەیان لە حكومەت.

دەقی داواكارییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كە لەبەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی داوایان كرد. 

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رۆژانی یەكشەممە و دووشەممە 23 و 24-12-2017 ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی و بە سەرپەرشتی بەڕێز مامۆستا سەعید عەلی عەبۆ، سەرۆكی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامان و بەرپرسی مەڵبەندەكان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی گرێدا، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە گشتی و باری ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و مووچەخۆران، نیگەرانی ناڕەزایەتییەكانی شەقامی بە تایبەتی تاووتوێكرد، هەروەك ئەرك و بەرپرسیاریێتی حكومەتی لەوبارەوە خستە بەرباس و گفتوگۆ و دیدو هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی لەسەر ئەم پرسە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا خستەڕوو:

1. كۆبوونەوە داوا دەكات لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان پێكبهێندرێت بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان، كە بەداخەوە رەوتی مەدەنی و ئاشتیانەی ناڕەزایەتییەكان بەلاڕێدا براوە و چەندین رووداو و كارەساتی نەخوازراو و دڵتەزێنی لێكەوتەوە، ئەم لیژنەیە كاری جددی بكات بۆ ئازادكردنی بەپەلەی دەستگیركراوە بێتاوانەكان و ئاشكراكردنی ئەو دەست و كەسانەی ئاڕاستەی خۆپیشاندەرەكانی بەرەو تووندوتیژی لێپێچینەوە بەپێی یاسا و لەلایەن دادگاوە لەگەڵ بكرێت ، هەروەك كۆبوونەوە داوا دەكات حكومەت بە خێرایی وەڵامی داوا رەواكانی خۆپیشاندەران بداتەوە بە دابینكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا و باشكردنی باری بژێوی و خزمەتگوزارییەكان بەشێوەیەكی گشتی.

هەر لەو میانەدا كۆبوونەوە داوا دەكات حاڵەتی بە سەربازیكردنی شارەكان كۆتایی پێبهێندرێت، چونكە رێگاچارەی ئەمنی دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و، هەروەك هەرجۆرە بێدەنگكردنێكی میدیای ئازادی لە دەرەوەی یاسا رەتكردەوە.

2. سەبارەت بە هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پرسی كشانەوەی لە حكومەت، كۆبوونەوە بە پێویستی زانی لەوبارەیەوە یەكگرتوو هەڵوێست لە بەرژەوەندی باشكردنی بژێوی هاووڵاتیان وەربگرێ و بیبەستێتەوە بەو مەسەلەیەوە، بۆیە بڕیاریدا سەقفێكی زەمەنی دیاریكراو تاوەكو 15-1-2018 وەك مۆڵەتێك بدات بە حكومەت و لەو ماوەیەشدا شاندێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یاداشتنامەیەك لەبارەی داوخوازییەكانی خەڵك و هاووڵاتیان بدات بە حكومەت و داوای لێبكات كە بە زووترین كات بڕیاری جددی بۆ جێبەجێ كردنیان وەربگرێت، لە حاڵەتی بەدەمەوە نەهاتنی حكومەت لەو بارەیەوەو دوای تەواوبوونی مۆڵەتەكە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات.

هەر بەو بۆنەیەوە كۆبوونەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خانەوادەو كەسوكاری قوربانیانی خۆپیشاندەرەكانی چەند رۆژی رابردوو دەكات و دوعای شیفا چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكان لە خودای گەورە دەخوازێت.

لە كۆتاییدا كۆبوونەوە شەونخونی و ماندوبوون و هەڵسوكەوتی مەدەنیانەو ئاشتیخوازانە و خۆڕاگری رێكخستنەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی لە بەرامبەر پەلامار و هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی یەكگرتووی بەرز نرخاند و هیوای خواست ئەم رەفتار و رەوشتە بەرزەی رێكخستنەكانی یەكگرتوو ببێتە كولتووری كۆمەڵگەی كوردستانی و نەریتی نەخوازراوی تووندوتیژی و هەڵكوتانەسەر بارەگا حیزبییەكان و دامودەزگا گشتییەكان كۆتایی پێبهێندرێت.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
24-12-2017


PM:08:09:12/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 3144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت