د. بەرهەم بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان: ڕێگەی ڕاست بریتیە لە هەڵبژاردنی پاك و گەڕانەوە بۆ بڕیاری گەل

‌د.بەرهەم و شاندی نەتەوەیەكگرتووەكان

وێستگە نیوز-
د.بەرهەم ساڵح، سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری بە شاندێكی نەتەوەیەكگرتووەكانی راگەیاندووە، رێگەی ڕاست بریتییە لە هەڵبژاردنی پاك و گەڕانەوە بۆ بڕیاری گەل. 

بەپێی راگەیەندراوێكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە وێنەیەكی دەست وێستگە نیوز كەوتووە، ئەمڕۆ  د.بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لە شاری سلێمانی پێشوازیكردووە لە ئەلیس واڵپۆل، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە‌یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی لە عیراق و وەفدێكی یاوەری، سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی و تێپەڕاندنی دۆخەكە گفتوگۆیان كرد.
 
بەپێی راگەیەندراوەكە لە دیدارێكدا هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە بەجددی كار بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشە و قەیرانەكانی ئێستا بكرێت و هەموو هەوڵەكان بەو ئاڕاستەی بنرێت.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا د. بەرهەم جەختیكردۆتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد و گەڕانەوە بۆ بڕیاری گەل رێگای ڕاستە بۆ دەستاودەستكردنی دیموكراسییانە و ئاشتیانەی دەسەڵات.

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، ئاماژەیان بەوەكردووە  كە پێویستە بەڕێگای گفتوگۆ و ئاشتییانە چارەسەری كێشەكان بكرێت بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی پرۆسەی سیاسی و ئەمنی و بەتایبەتی بژێوی خەڵك.


PM:07:28:12/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت