فورات نیوز: هێزێكی فیدڕاڵیی گه‌وره‌ گه‌یشته‌ دوزخورماتوو


وێستگه‌ نیوزـ

سایتی فورات نیوز بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی گه‌یشتووه‌ته‌ قه‌زای دوزخورماتووی سه‌ربه‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین.

سایتی فورات نیوز له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڵاویكردوه‌ كه‌ هێزه‌كانی لیوای 1 له‌ پۆلیسی فیدڕاڵی له‌ بنكه‌ی سه‌ربازیی ناحیه‌ی گه‌یاره‌-ی سه‌ربه‌ شاری موسڵ بۆ قه‌زای دوزخورماتووی سه‌ربه‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین گواستراونه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ هێزه‌ فیدڕاڵییه‌كه‌ ئه‌ركی ئه‌وه‌ی پێ راسپێردراوه‌ كه‌ ئاسایشی دوزخورماتوو بپارێزێت، پێشبینیشی كرد كه‌ هێزی دیكه‌ی زیاتر ره‌وانه‌ی ئه‌و قه‌زایه‌ بكرێت.

له‌ 4ی كانونی دووه‌می 2017، فه‌ریقی یه‌كه‌م عوسمان غانمی، سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای عیراق له‌میانی پێشوازیكردنی له‌ ئه‌حمه‌د جبوری، پارێزگاری سه‌لاحه‌دین رایگه‌یاند كه‌ داوایكردووه‌ پاراستنی دۆخی ئه‌منیی دوزخورماتوو بدرێته‌ ده‌ست هێزێكی فیدڕاڵی و رێگه‌ به‌هیچ هێزێكی دیكه‌ نه‌درێت ده‌ست له‌ كاروباره‌كانی ئه‌و هێزه‌ وه‌ربدات.


PM:08:36:11/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 4292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت