ئه‌منستی داوای ئازادكردنی دوو رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی رۆیته‌رز له‌ میانمار ده‌كات

‌دوو رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی رۆیته‌رز پێش ده‌ستگیركردنیان

وێستگه‌ نیوز ـ
رێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ (ئەمنستی) داوای لە میانمار کرد کە بەخێرایی دوو رۆژنامەنووسەکەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئازاد بکات، هەروەها وتیشی حکومەت هەوڵیداوە رۆژنامەنووسەکان بێدەنگ بکات بۆ ئەوەی ئەوەی ئەو ئەرکە سەربازییانەی کە دژی رۆهینجیا ئەنجامیان داون بە شاراوەیی بمێننەوە.


جەیمس گۆمێز، بەڕێوبەری ڕێکخراوی ئەمنستی بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن وتی: "ئەمە بە ئاشکرا هەوڵێکی بەرپرسانە بۆ بێدەنگ کردنی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە پێشێلکارییە سەربازییەکان و تاوانەکانی دژی رۆهینگیەکان لە ویلایەتی راخین".

هەروەها وتیشی‌: "هەوڵێکیشە بۆ ترساندنی رۆژنامەنووسەکانی دیکە بۆ ئەوەی واز لەو کارە بهێنن کە ئەم دوو رۆژنامەنووسە کردوویانە".

هاوکات حکومەتی‌ میانمار دەڵێت، "دوو ڕۆژنامەنووسەکە لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت لەسەر ئەوەی بەندی یاسای نهێنی وڵاتەکەیان پێشێل کردووە، ئەگەر تاوانبار بکرێن ئەوا پێدەچێت 14 ساڵ زیندانی بکرێن".

ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژنامەنووسەکان کاریان لەسەر چیرۆکەکانی ئەرکە سەربازییەکانی میانمار کردووە کە دژی رۆهینگیە موسوڵمانەکانی ویلایەتی راخین ئەنجامیان داون کە بووە هۆی ئەوەی 600 هەزار رۆهینگی ناچار بە هەڵهاتن بکرێن بەرەو بەنگلادیش.

دوو رۆژنامەنووسەکە کە ناویان (وا لۆن و کیاو سو ئۆ) لە 12ی تشرینی‌ دووەمی‌ 2017 دەستگیرکراون و بۆ ماوەی دوو هەفتە نەیانهێشتووە پەیوەندیی بە کەسەوە بکەن و وابڕیارە ئەمڕۆش بچنە بەردەم دادگا.

پێشتریش نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و بەڕیتانیا و سوید و بەنگلادیش داوایان لە میانمار کردووە دوو رۆژنامەنووسەکە ئازاد بکات.

هــ. ر


AM:09:36:10/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت