به‌ڤیدیۆ... به‌ ئه‌نیمه‌یشن هێزێكی سعودیه‌ قاسم سوله‌یمانی ده‌ستگیر ده‌كات


وێستگه‌ نیوز -
به‌گوێره‌ی كورته‌ فیلمێكی ئه‌نیمه‌یشن، له‌ نێوان وڵاتی‌ سعودیه‌ و كۆماری ئیسلامی ئێران  شه‌ڕ دروست ده‌بێت و تیایدا سعودیه‌ سه‌رده‌كه‌وێت و قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران ده‌ستگیر ده‌كرێت.

له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یوتیوب كورته‌فیلمێمی‌ ئه‌نیمه‌یشن  به‌ ناوی "هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سعودیه‌" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ وته‌یه‌كی‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ وتبووی: "ئامانجی سه‌ره‌كی ئێران ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌ قیبله‌ی موسڵمانان، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ناكه‌ین شه‌ڕه‌كه‌ له‌ سعودیه‌ رووبدات، به‌ڵكو كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ئێران بێت".

له‌ كورته‌ فیلمه‌كه‌دا سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌ له‌ناو ئاوی كه‌نداو دروست ده‌بێت كاتێك له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه‌ هێرش ده‌كرێته‌سه‌ر كه‌شتییه‌كی خێرخوازی شا سه‌لمان بۆ فریاگوزاری و كه‌شتی و پاپۆڕ و به‌له‌مه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران تێكده‌شكێنرێن.

به‌گوێره‌ی فیلمه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ ئێران هه‌وڵ ده‌دات به‌ مووشه‌ك هێرش بكاته‌ سه‌ر سعودیه‌، به‌ڵام به‌هۆی سیستمی مووشه‌كی پاتریۆت سه‌رجه‌م مووشه‌كه‌كانی ئێران له‌ ئاسمان تێكده‌شكێنن و پاش ئه‌وه‌ به‌هۆی فڕۆكه‌ی جۆری تایفۆن فڕۆكه‌ ئێرانییه‌كان ده‌خه‌نه‌ خواره‌وه‌.

له‌ به‌شێكی‌ كورته‌ فیلمه‌كه‌دا شازاده‌محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌رپه‌رشتی هێرش و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌كات و پاشان بنكه‌ی بووشه‌هری ئه‌تۆمی و بنكه‌ به‌دری سه‌ربازی ئێران به‌ مووشه‌كی "بای رۆژهه‌ڵات" ده‌كرێنه‌ ئامانج و ده‌ته‌قێنرێنه‌وه‌ و دواتر فڕۆكه‌كانی سعودیه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی میهرئابادی‌ ئێران وێران ده‌كه‌ن.

له‌ كورته‌ فیلمه‌كه‌دا كه‌ ماوه‌كه‌ی شه‌ش خوله‌كه‌، له‌ رێگه‌ی ده‌ریاوه‌ تانكه‌ ئه‌برامسه‌كانی سوپای سعودیه‌ ده‌گه‌یه‌نرێنه‌ ناو خاكی ئێران و له‌ ئاسمانیشه‌وه‌ فڕۆكه‌كان به‌ په‌ڕه‌شووت سه‌ربازی ھێزه‌ تایبه‌ته‌كان داده‌به‌زێننه‌ خواره‌وه‌ و هێزه‌كان محه‌مه‌د بن سه‌لمان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ توانیوویانه‌ بچنه‌ ناوجه‌رگه‌ی "دوژمن" و ئاڵای ئێران دێننه‌ خواره‌وه‌ و له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیشدا قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران ده‌ستگیرده‌كه‌ن.


PM:02:40:16/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 16192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو