هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر دواخستنی ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌كانی عیراق بۆ شاخی غه‌ڕه‌ رێككه‌وتن


وێستگه‌ نیوز -
حكومه‌تی عیراق هێزێكی زۆری له‌ ئامرلی و ناوچه‌كانی تری عیراقه‌وه‌ بردوه‌ته‌ قه‌زای خورماتوی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین به‌ ئامانجی هێرشكردنه‌ سه‌ر چه‌كداره‌ سونه‌كانی شاخی غه‌ڕه‌ و پێشره‌وی كردن به‌ره‌و ناوچه‌ كوردنیشینه‌كانی ناحیه‌ی نه‌جول، به‌ڵام به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی عیراق بۆ كاتێكی نادیار دواخراوه‌.

دلێر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی نه‌وجول له‌وباره‌وه‌ به‌ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند كه‌ "حكومه‌تی عیراق ویستی هێز به‌ره‌و ناحیه‌ی نه‌وجول (زنانه‌) و گونده‌ كوردنیشینه‌كان بجوڵێنێت و نیازی كۆنترۆڵكردنی ناحیه‌كه‌ی هه‌بوو، كه‌ ئێستا كورده‌كانی خورماتووی تێدایه‌".

دلێر عه‌بدوڵا وتی: "هێزێكی زۆری پێشمه‌رگه‌ش هێنراوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ بۆ به‌رگرتن به‌ هێزه‌ عیراقیه‌كان، به‌ڵام هێزه‌ عیراقیه‌كان تائێستا جوڵه‌یان نه‌كردووه‌".

ناحیه‌ی نه‌وجول و ناوچه‌ كوردنیشینه‌كان كه‌ ئێستا به‌شێكی زۆر له‌ئاواره‌كانی خورماتویان تێدایه‌، ده‌كه‌ونه‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی خورماتووه‌وه‌ و پاساوی عیراق بۆ پێشڕه‌وی كردن به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ گوایه‌ چه‌كداره‌ كورده‌ خۆبه‌خشه‌كان له‌و ناوچانه‌ قه‌زای خورماتو هاوه‌نباران ده‌كه‌ن.

خواستی حكومه‌تی عیراق بۆ پێشڕه‌ویكردن به‌ره‌و ناوچه‌كوردنیشینه‌كان، له‌كاتێكدایه‌ فڕۆكه‌ عیراقیه‌كان له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا چه‌ند جارێك ناوچه‌ی په‌ڵكانه‌ و شاخی غه‌ره‌یان بۆردومانكردووه‌، كه‌ له‌ئێستادا هێزه‌ سونیه‌كانیان تێدایه‌ كه‌ به‌پاشماوه‌ی داعش ناوده‌برێن.

محه‌مه‌د فایه‌ق به‌رپرسی راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی خورماتوو له‌وباره‌وه‌ به‌ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "ئۆپه‌راسیۆنی سوپای عیراق بۆ كاتێكی نادیار دواخراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی رێكه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم".

عه‌لی حسێنی وته‌بێژی میحوه‌ری باكوری عیراقی حه‌شدی شه‌عبی له‌وباره‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن دژی چه‌كداره‌ سونه‌كانی شاخی غه‌ره‌ و ناوچه‌ی په‌ڵكانه‌، داواكاری ئه‌وان بووه‌ له‌ حكومه‌تی عیراق.


AM:08:24:16/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 16900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو