پزیشکانی بێسنور: لەماوەی مانگێکدا شه‌ش هه‌زار و 700 هاوڵاتی له‌ بۆرما كوژراون

‌هاوڵاتیانی رۆهینگی لە کاتی ئاوارەییدا

وێستگه‌ نیوز ـ
رێکخراوی پزیشکانی بێسنور رایگەیاند، تەنیا لەماوەی مانگێکدا شەش هەزار و 700 هاوڵاتی رۆهینگی لە رۆژئاوای بۆرما کوژراون.


رێکخراوەکە ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە 25ی ئابەوە بۆ 25ی ئەیلولی ئەمساڵ بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانەوە، شەش هەزار و 700 هاوڵاتی رۆهینگی لە رۆژئاوای میانمار کوژراون کە نزیکەی 730 کەسیان منداڵ بوون و تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵەوە بووە.

ئەوەش هاتووە، هەر بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانەوە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 640 هەزار کەس ئاوارەی بەنگلادیش بوون

سیدنی وۆنگ بەڕێوەبەری رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئامارەیان لە رێگەی شەش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ زیاتر لە دوو هەزار و 434 خێزاندا بەدەست خستووە کە لە کەمپەکاندا ژیان دەگوزەرێنن.

راشیگەیاندووە، ئاوارەکانی میانمار لە بارودۆخێکی خراپدا لە کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن کە هیچ مەرجێکی تەندروستییان تیادا نییە.

هەربە پێی راپۆرتەکە، لە 69%ی ئەو هاوڵاتیانە له‌ رێگەی گوللـەوە کوژراون، لە 9%یان بەزیندوویی سوتێندراون و لە 5%یان بەهۆی ئەشکەنجەی سەختەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ساڵی 2012ەوە هەرێمی راخین لە میانمار توندوتیژیی لەنێوان موسوڵمان و بوزییەکان بەخۆوە دەبینێت کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کوژراون و سەدان هەزاری تریش ئاوارەبوون.

هــ. ر


PM:12:15:14/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو