ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌مریكا: ئه‌م قۆناغه‌ ئیتر كۆتایی هاتووه‌

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا

وێستگه‌ نیوز ـ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا رایگه‌یاند، لەمەودوا ھیچ ھەوڵێکی ئەمریکا بەمەبەستی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین جێگەی باس نییە و ئەم قۆناغە ئیتر کۆتایی ھاتووە.


لووتکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لە ھۆڵی پێشانگا و کۆنگرەی لوتفی کردار لە شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، و دواتریش مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین و ئەحمەد عوسەیمین، سکرتێری گشتی رێکخستنی ھاریکاری ئیسلامی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان رێکخست.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان وتارێکی پێشکەش کرد و رایگه‌یاند، لە کۆبوونەوەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی نیشانی گشت جیھان دراوە کە قودس بێ خاوەن نییە و وتی: "لەم کۆبوونەوە مێژووییەدا جارێکی دیکە قودس بێ خاون بەجێنەھێڵدرا، لەو باوەڕەدام نەک تەنیا بەو کەسانەی کە بڕیارەکەیان داوە بەڵکو بە تەواوی جیھانمان نیشاندا کە کێ خاوەنی قودسە".

ئەردۆغان باسی لە ھەوڵەکانی ئەمریکا بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین کرد و وتی: "لەمەودوا ھیچ ھەوڵێکی ئەمریکا بەمەبەستی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین جێگەی باس نییە. ئەم قۆناغە ئیتر کۆتایی ھاتووە".

ئەردۆغان راشیگەیاند، ناکرێ چارەنووسی قودس بکەوێتە دەستی وڵاتێک کە دەیەوێ بە کوشتنی خەڵکی سڤیل و منداڵ و ئافرەت سنوورەکانی خۆی فراوان بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، باسی لە ھەڵوێستی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لەبارەی قودس کرد و وتی: "وەک سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەتەکانی رێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی، پێویستە بە پێداگری درێژە بەم ھەڵوێستە بدەین. ھەڵوێستمان لەو بابەتە وەک ‘قودس ھێڵی سوورمانە‌ و راشیگەیاند، سەرەڕای گشت ھۆشدارییەکانمان، ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی قودس روونکردنەوەیەکی نایاسایی، نامەنتقی و نائەخڵاقی کرد. لەم یەکەم رۆژەوە ئاماژە بەوە دەکەین کە بڕیارەکە لە بەردەم ویژدان، یاسایی و مێژووییەوە ھیچ رەوایەتییەکی نییە. واتا ئەو بڕیارەی ترەمپ رایگەیاند، لای ئێمە ھیچ بایەخێکی نییە".

ئەردۆغان وتیشی: "لە روانگەی ئێمەوە قودس پایتەختی فەڵەستینە و ھەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە".

سەرۆك کۆماری تورکیا، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی قودس رەتدەکەنەوە و لەوبارەیەوە وتی: "وەک گشت مرۆڤایەتی، لەگەڵ 1.7 ملیار کەس لە جیھانی ئیسلامی، جارێکی دیکە رەتکردنەوەی بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکامان پشتڕاستکردەوە".

ئەردۆغان جەختی لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی فەڵەستین کردەوە و وتی: "ئێمە وەک رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی بەھیچ شێوەیەک پاشگەز نابینەوە لە داواکاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی فەڵەستین لە چوارچێوەی سنوورەکانی ساڵی 1967 کە پایتەختەکەی قودس بێت".

سەرۆك کۆماری تورکیا، وتیشی: "لووتکەی ئەمڕۆی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی، پەیامێکی مێژوویی بوو بەرامبەر بەو ھەنگاوە تێکدەرانەیەی ئیدارەی ئەمریکا کە لەبارەی قودسەوە ناویەتی".

سه‌رچاوه‌: aa
هــ. ر


PM:10:53:13/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 2420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو