عوسمانی حاجی مه‌حمود داوای سڕكردنی رێككه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی ده‌كات

‌عوسمان حاجی مەحمود

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
دوای سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، عوسمانی حاجی مەحمود، کشانەوە لە حکومەت و بوون بە ئۆپۆزسیۆن بە پێویست دەزانێت، داواشدەکات رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی سڕبکرێت.

عوسمانی حاجی مەحمود، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، کشانەوە لە حکومەت و بوون بە ئۆپۆزسیۆن، هەرچەندە درەنگ وەختە، بەڵام پێویست و ئیجابییە.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان داوا لە جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەکە دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بڕیاری هەڵپەساردن و سڕکردنی رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی بدات، تا ئەوکاتەی لای سەرکردایەتی و خاوەن بڕیارەکانی یەکێتی، ئیرادە و بڕیاری جدیی دروست دەبێت بۆ جێبەجێکردنی.

بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە 14ی كانوونی یه‌كه‌می2017 جڤاتی گشتی ‌و رۆژی شەممەی سەرەتای هەفتەی داهاتووش جڤاتیی نیشتمانیی گۆڕان كۆببنەوە.

عوسمانی حاجی مەحمود جەختیشیکردەوەتەوە، سڕکردنی رێککەوتنەکە بەمانای کۆتایی هێنان نییە بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکێتی، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە بۆ مانەوەی رێککەوتنەکە بەم شێوەیەی ئێستا و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەش.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ده‌ستی به‌كاركردن كرده‌وه‌.

بێستوون فایه‌ق، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "رێباز حه‌ملان بوه‌ به‌ پارتی بۆیه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی، ئه‌گینا به‌رنامه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، نه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ناو حكومه‌تێكی شكست خواردوو".

ئه‌وه‌شی وت: "رێباز ته‌نیا خۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و هیچ كام له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ركرابوون".


PM:08:26:13/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 3512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو