كۆنگرێس تره‌مپ سه‌رپشك ده‌كات سزاكانی سه‌ر ئێران درێژ بكاته‌وه
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا
وێستگه نیوزـ
كۆنگرێسی ئه‌مریكا و به‌رپرسانی كۆشكی سپی رایانگه‌یاند كه به‌نیازن واده‌یه‌ك بۆ درێژكردنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران دیاری بكه‌ن كه له‌م هه‌فته‌یه‌دا كۆتایی دێت، به‌ڵام ده‌ست بۆ رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نێوان تاران و خۆرئاوا نابه‌ن.
له مانگی تشرینی دووه‌مدا دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا قایل نه‌بوو به‌وه‌ی ئێران پابه‌نده به ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌وه و بڕیاریدا دوو مانگ مۆڵه‌ت به كۆنگرێسی وڵاته‌كه‌ی بدات بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بدات كه ئایا دووباره سزاكان به‌سه‌ر تاران‌دا بسه‌پێننه‌وه یان نا.
ئه‌ندامانی كۆنگرێس ئاشكرایان نه‌كرد پلانیان چییه بۆ ئه‌وه‌ی دووباره سزاكان به‌سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێنه‌وه كه واده‌كه‌ی سبه‌ینێ چوارشه‌ممه 13ی كانونی یه‌كه‌می 2017 كۆتایی دێت، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك كۆنگرێسمان ئه‌وه‌یان دركاند كه دواجار بڕیاری كۆتایی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ده‌ن به‌ڵام هیچ گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ له بڕیاره نوێیه‌كه‌یاندا ناكه‌ن شایه‌نی باس بێت.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایه كه ئه‌ندامانی كۆنگرێس دووباره تۆپه‌كه ده‌خه‌نه‌وه گۆڕه‌پانی دۆناڵد تره‌مپ و ئه‌وكاته‌ش تره‌مپ له ناوه‌ڕاستی مانگی كانونی دووه‌می داهاتوو بڕیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران ده‌دات.
گه‌وره به‌رپرسێكی كۆنگرێسیش رایگه‌یاندووه كه كۆشكی سپی ده‌یه‌وێت مه‌له‌سه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران بخاته‌ده‌ست كۆنگرێس و داوای نه‌كردووه سزا به‌سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێنرێت.
پێشتر دۆناڵد تره‌مپ رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران به "خراپترین" وه‌سفكرد و داوایكرد ئه‌مریكا له‌و رێككه‌وتنه بچێته ده‌ره‌وه.
ر.ع
PM:11:39:12/12/2017
ئه‌م بابه‌ته 2144
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت