لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ.. ئەو ئێوارەی مانگ کەوتە خوارەوە.!

‌بەرگی کتێبە چاپکراوەکەی کامەران سوبحان

وێستگه‌ نیوز ـ

(شەوانێک، لەوەرز و مانگی جیاوازدا، کۆمەڵێ کەس هاتنە خەوم، هەریەکەیان جۆرێک خۆیان دەنووسییەوە. ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو، ئەو کەسانە هەریەکەیان لەسەردەم و شوێنێکی جیاوازدا ژیابوون.


بەڵام هەریەکەیان لەخەون و خەیاڵی مندا خەریکی گێڕانەوە بوو.! پاشتر(خەون و گێڕانەوەو خەیاڵ) بوونە سێ ڕەگەزی جیاوازی نووسین، ئەم کتێبەیان، بە زمانی خۆیان نووسییەوە...

ئەمە دەستپێکی 15 هەمین کتێبی چاپکراوی نوێی (کامەران سوبحان)ە، بەناوی (لەخەیاڵەوە بۆ خۆڵ) بڕیارە لە مانگی داهاتوودا بڵاو بێتەوە.

نووسەر ڕایدەگەیەنێت "داهاتی کتێبەکە دەبەخشێتە تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشە درێژخایەنەکان."

لە کتێبەدا هەرەیەک لە (مەولانا خالیدی نەقشبەندی و مەستورەی ئەردەڵانی و زیوەر و حاجی قادری کۆیی و عەرەبی شەمۆ و عەبدولڕەحیم رەحمی هەکاری و شیخ نوری شێخ ساڵح و جەمیل سائیب و وەلی دێوانە) و چەندین کەسی تر، خۆیان دەنووسنەوە..

(ئێوارەیەکی درەنگ، خەریکی تەهلیلەی زیکری ناخی گڕگرتووم بووم، بەتەواوەتی ڕۆچوو بووم بە ناخی خۆمدا و هەستم دەکرد دابڕاوم لەم ژینە ناسۆرەو لەدونیای ڕۆحدا دەسوڕامەوە. لەم کەشە ڕۆحییەی خۆمدا، کت و پڕ دابڕام.! بینیم کۆمەڵێک هاوەڵ و بەندەی خودا بەدەنگی گریان و کەمێک هاوار و پاڕانەوە بەسروودی ئاینی و بە ئاپۆرایەکی بەرفراوان خۆیان کرد بە حەرەمی مزگەوتدا، بینیم، تەرمێک بە جاجمێکی سەوزەوە بەسەر شانیانەوەیە.! ئەم دیمەنە ڕایچڵەکاندم و لەو کەشە ڕۆحییەی خۆم دابڕام.

یەکێک لەو پیاوچاکانەی لە پێشەنگی ماتەمگێڕانی تەرمەکەدا بوو، بەرەو ڕووم هات و دەستی ڕاستی کردە تەرمەکە و چاوەکانی گرتە چاوەکانی من و بە دەنگێکی کز و قوڕگێکی پڕ لە گریانەوە، وتی" ئەمە تەرمی عوسمانی کوڕی عەفانە. لەسەر وەسێتی خۆی، هێناومانە بۆ ئەم مزگەوتە، تا (مەولانا خالیدی کوردی شارەزووریی) ڕێبەری تەریقەتەکەی ئێوە، بەدەستە پیرۆزەکانی بیشوات، زۆر پەشۆکام و هەرچیم کرد زمانم گۆی نەدەکرد و نەمدەتوانی وەڵامی بدەمەوە، بێ دەنگییەک داگیریکردم و ڕاچڵەکیم.)

ئەمە خەوی یەکێک لە خەلیفەکانی(مەولانا خالیدی نەقشبەندییە). کاتێک ئەم خەوەی بۆ مەولانا گێڕایەوە، ئەویش بە هێمنی وتی:(ئەوە تەرمی من بوو بەسەر شانیی ئەوانەوە.! چونکە من نەوەی عوسمانی کوڕی عەفانم. کەواتە منم دەمرم.!) دوای سێ رۆژ بەسەر گێڕانەوەی ئەم خەوەدا(شەوێک لە نێوان نوێژی شێوان و خەوتنان "مانگ لەئاستی ماڵەکەی مەولانا خالید لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە. " ئیدی هەموان زانییان مەولانا خالید لەو چرکەساتەدا کۆچی دوایی کردووە.!

هــ. ر


AM:10:09:07/12/2017






ئه‌م بابه‌ته 6599 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو