دوو منداڵ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا له‌ كه‌ركوك به‌ گوللـه‌ كوژراون

‌محه‌مه‌د نۆ ساڵ و ئه‌ڤینی هەشت ساڵ، له‌روداوه‌كانی 16ی تشرینی یه‌كه‌مدا به‌ گوللـه‌ كوژران فۆتۆ: ئه‌رشیفی خانه‌واده‌كه‌

وێستگه‌ نیوز ـ
سیروان شامل پۆلیسە لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، لە كاتی بارگرژییەكانی 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، پێشوازی لە بریندارەكان دەكرد، له‌پڕ و له‌ناو نه‌خۆشخانه‌ هاوسەرەكەی به‌رچاوكه‌وت كه‌ به‌كوڵ ده‌گریا، لەوێ‌ زانی كچ ‌و كوڕەكەی له‌ قوربانییه‌كانی رووداوه‌كه‌ن.


بەرەبەیانی ئەو رۆژە شار خرۆشابوو، لەگەڵ پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان ‌بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ و كشانەوەی پێشمەرگەدا، هەزاران هاوڵاتی بەرەو هەرێمی كوردستان دەرۆیشتن‌ و ژمارەیەكی زۆر چەكداریش، وەك خۆبەخش بە شەقامەكاندا بڵاوبوبونەوە، ته‌قه‌ی كوێرانه‌ به‌شێكی زۆری گه‌ڕه‌كه‌كانی گرتبوه‌وه‌.

هاوسەر ‌و منداڵەكانی سیروان، لەگەڵ ماڵی دراوسێیەكیان بە ئۆتۆمبێل بۆ گەیشتن بە شوێنێكی ئارام ماڵی خۆیان بەجێدەهێڵن، هاوشانی هه‌زاران خێزانی تر، بەڵام لە رێگاداو له‌ ناوه‌ندی شار دەستڕێژی گوللـه‌ ‌له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یان ده‌كرێت و بەهۆیەوە، كچێكی سیروان دەستبەجێ‌ گیانیان لەدەستدەدات‌ و كوڕێكی بە سەختی بریندار دەبێت.

"له‌ نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بووم ‌و پێشوازیمان لە بریندارەكان دەكرد، خێزانەكەم بینی دەگریا، ئەوە بوو لەوێ‌ زانیم فیشەكیان بەركەوتووە"، سیروان وای وت.

سیروان باوكی سێ‌ منداڵە، دوو كچ و كوڕێك، ئەڤین-ی تەمەن هه‌شت ساڵ لە شوێنی رووداوەكە كۆتایی بە ژیانی دێت ‌و محەمەدی كوڕیشی كە تەمەنی نۆ ساڵه و فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌،‌ دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە ‌و سێ‌ رۆژ مانەوەی لەژێر چاودێری پزیشك، (19ی تشرینی یه‌كه‌م) گیانیلەدەستدا.

هێشتا ئامارێكی ورد‌و فەرمی لە بارەی زیانە گیانییه‌كانی 16ی تشرینی یه‌كه‌می ئەمساڵەوە نییە، كاتێك هێزە عیراقیەكان لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی "سەپاندنی یاسا" گەڕانەوە بۆ كەركوك‌ و ناوچەكانی جێناكۆك، كه‌ ئاوارەبوونی هه‌زاران خێزانی لێكه‌وته‌وه‌.

ماڵی سیروان شامل، لە گەڕەكی كوردستان (فەیلەقی كۆن)ـــە، دەكەوێتە نزیك سەربازگەی كەیوان كە ئامانجێكی سەرەكی هێزە عیراقیەكان بوو، كەمتر لە دوو كیلۆمەتر لەو گەڕەكە دوركەوتونەتەوە‌ و لە سەر شەقامی سەرەكی نێوان هەولێر-كەركوك، لە نزیك گەڕەكی عەرەفە بەر دەستڕێژی گوللـه‌ كەوتوون.

یاسین (باوكی ئلیاس)، دراوسێی ئەو ماڵەیە ‌و خێزانەكەی سیروان لە ئۆتۆمبێلەكەی ئەودا بوون كاتی رووداوەكە، وتی: "كاتێك تەقە دەستیپێكرد ‌و بارودۆخەكە تێكچوو، دراوسێكان هه‌موویان رۆیشتن ‌و گەڕەكەكەیان بەجێهێشت، پەیوەندیم بە باوكی هەردوو شەهیدەوە كرد‌و وتم منداڵەكانی خۆم دەبەم ئەگەر پێتباشە منداڵەكانی تۆش دەبەم، وتی منداڵەكانی منیش لەگەڵ خۆت ببە".

"گەیشتینە دووسایدی بەرامبەر گەڕەكی عەرەفە ‌و چەند فیشەكێك بەر جامی دواوەی ئۆتۆمبێلەكە كەوت، ئەڤین دەستبەجێ شەهید بوو، .. بەپەلە گەیاندیانمە نەخۆشخانەی شۆڕش لە گەڕەكی شۆراو، محەمەد گیانی لە دەستنەدابوو، لەوێوە بە ئەمبوڵانس گەیاندرایە نەخۆشخانەی كەركوك"، یاسین دەڵێت گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە لەئۆتۆمبێلەكەیدا رۆژێكی زۆر ناخۆش بووە بۆ ئەو.

پێشێلكاریی‌و روداوەكانی 16ی تشرینی یه‌كه‌م، چەندین بەڵێنی لەبارەوە دراوە بۆ بەدواداچوون‌و قەرەبوكردنەوە‌و سزادانی ئەنجامدەرانی تاوانەكان، لە ناویاندا ئامادەیی نیشاندانی هەردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق‌ و هەرێمی كوردستان، بەڵام دەرەنجامی ئەو هەوڵانە دیارنین.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك دەربارەی دۆسیەی كوژرانی ئەڤین‌ و محەمەد بە (كەركوك ناو)ی وت "باوكی هەردوو منداڵەكە لە بنكەی پۆلیس سكاڵای تۆماركردووه‌ دوابەدوای رووداوەكە‌و لێكۆڵینەوەمان دەستپێكردووە".

ئاڵۆزی بارودۆخی كەركوك، گرفتی بۆ بەخاكسپاردنی تەرمی منداڵەكانیش دروستكرد، ئەڤین هەمان رۆژی روداوەكە برایە سەرقەبران‌ و محەمەدیش دوای سێ‌ رۆژ، لە گۆڕێكدا بە تەنیشت خوشكەكەیەوە سپاردەی خاك كرا.

بەڵێن غالب، پورزای سیروانە باسی رۆژی رووداوەكە دەكات كاتێك دوای چەند كاتژمێرێك تەرمی ئەڤینیان وەرگرتوه‌تەوە لە هۆبەی پزیشكی دادوەری نەخۆشخانەی ئازادی، بەهۆی قەرەباڵغی‌ و داخستنی رێگاكان ناچار دوای كفنكردنی، دوبارە گەراندویانەتەوە بۆ پزیشكی دادوەری.

"دوای چەند كاتژمێرێك، نزیك بانگی ئێوارە (مەغرب) توانیمان لە گۆڕستانی گەڕەكی رەحیماوا بە خاكی بسپێرین"، بەڵێن وای وت.

ماڵی سیروان‌و كەسوكاری لە كەركوك مانەوە‌و نەرۆیشتن، پرسەی دوو منداڵەكەیان لە گەڕەكی شۆریجە دانا.

دوا قسەی سیروان بۆ منداڵەكانی بەرلەوەی بگەڕێتەوە بۆ دەوام، ئەوەبوو تا دەتوانن ئاگاداری خۆیان بن، بەڵام لەرێگەی رۆیشتنیان بۆ شوێنێكی ئارام كۆتایی بە ژیانیان هات‌و ئەوەی بۆ باوكیان مایەوە، تەنیا دوو گۆڕە بە تەنیشتنی یەكترییەوە.

راپۆرته‌كه‌ له‌ كه‌ركوك ناو وه‌رگیراوه‌
هــ. ر


AM:09:09:07/12/2017








ئه‌م بابه‌ته 6808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت