کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان دوای بڕیارەکەی ترەمپ لە بارەی ئۆرشەلیم

‌دۆناڵد ترەمپ.. لەکاتی بڕیارەکەی لە بارەی ئۆرشەلیم

وێستگه‌ نیوز ـ
تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و فێدریکا مۆگرینی، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان لەبارەی ئۆرشەلیم رەتکردەوە و رایانگەیاند گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئۆرشەلیم گرژی و ئاڵۆزی دروستدەکات.


ئەمشەو چوارشەممە 6ی کانوونی یەکەمی2017، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئۆرشەلیم (قودس) ی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد کار بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم بکات، ئەمەش کاردانەوەی تووندی وڵاتانی لێکەوتەوە.

وێڕای رەتکردنەوەی بڕیارەکە، تێرێزا مەی رایگەیاند دەبێت دەسەڵاتەکان لە ئۆرشەلیم دابەشبکرێن. فێدریکا مۆگرێنیش رایگەیاند: "نیگەرانین لە بڕیارەکە، ناوچەکە پێویستی بە ئاشتی هەیە و پێمانوایە ئەمە ئاڵۆزی دروستدەکات".

هاوکات ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیاش رایگەیاند: "گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم رەتدەکەینەوە و ئەمە کێشەی ناوچەکە زیاتر دەکات".

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای وتارەکەی دۆناڵد ترەمپ راستەوخۆ وتارێکی پێشکەشکرد و بە رووێکی گەشەوە بڕیارەکەی بە مێژوویی وەسفکرد.

ناتانیاهۆ وتی: "ئەمە رۆژێکی مێژووییە، سێ هەزار ساڵ ئۆرشەلیم پایتەختی جووەکان بووە، ئەم شوێنە بووە پیاوانی ئایینی دینداریان تیاداکردووە و پێغەمبەران بانگەوازیان تیادا ئەنجامداوە، سێ سەدەیە ئۆرشەلیم خاڵی بەهێزی خەون و هیوا و نزاو پاڕانەوەکانمان بووە".

پێچەوانەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکی فەڵەستین بەتووندی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی ئیدانەکرد، بڕیارەکەشی بە خۆدزینەوەی واشنتن لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین وەسفکرد.

مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین رایگەیاند: "بڕیارەکەی ترەمپ پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و خەڵاتە بۆ ئیسرائیل لەبەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".

مەحمود عەباس راشیگەیاند: "بڕیارەکەی ترەمپ راگەیاندنی پاشەکشەی واشنتنە لە پرۆسەی ئاشتی و هانی ئیسرائیل دەدات درێژە بە داگیرکاری بدات."

هەروەها بە جەختکردنەوە لەوەی بڕیارەکەی ترەمپ هیچ لە دۆخی قودس ناگۆڕێت، مەحمود عەباس گوتی: "هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی یەکگرتووە بەرامبەر بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین بە قودسی پایتەختەوە".

وتیشی: "ئۆرشەلیم بۆ هەتا هەتایە پایتەختی فەلەستینە".

هــ. ر


AM:12:00:07/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 3508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو