نووسینگه‌ی عه‌بادی مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ کوردستان ئاشکرادەکات


وێستگه‌ نیوز ـ
دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بە هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت، دەبێ دەسەڵاتی به‌غدا بەسەر دۆسیەکانی ئەمنی و نەوتدا بسەپێنرێت.


سەعد حەدیسی، وته‌بێژی حكومه‌تی عیراق رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەو مشتومڕەی پێشووی یەکلاکردەوە کە لەبارەی یاساییبوونی ریفراندۆمه‌وه‌ هەبوو، دادگاکە ریفراندۆم و لێکەوتە و ئەنجامەکانی هەڵوەشاندەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا چاوەڕوانی خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور، ئەوەش دەبێتە بنەمایەک لەو رێگەیەوە دەبێت پابەندی بڕیارەکان و یەکێتی عیراق بن بۆ تاوتوێکردنی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

سەعد حەدیسی، راشیگەیاندووە: "ئەنجامدانی دانوستاندن پەیوەستە بە رێزگرتنی دەستوور، دەرهاویشتەکانی، رێزگرتن لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، هەنگاوە مەیدانییەکانی سەر زەوی تایبەت بە کاری هاوبەش لە بوارەکانی ئەمنی و نەوت، سەپاندنی دەسەڵاتی ئیتیحادی بەسەر هەردوو دۆسیەکەدا، ئەمانە لە پێشینەی سەرلەنوێ بونیاتنانی متمانەیە بۆ بەهێزکردنی دیالۆگێکی ئەرێنی".

رۆژی 20ی تشرینی دووه‌می2017،  دادگای باڵای فیدراڵی بە سەرۆکایەتی دادوەر مەدحەت مەحموود و بەئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی بڕیاریدا بە "نادەستووریبوون"ی ئەو ریفراندۆمه‌ی کە رۆژی 25 ی ئەیلولی 2017 لە هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئەنجامدرا. هەروەها بڕیاریدا ئەنجامی ریفراندۆم و لێکەوتە و هەر دۆخێک بەهۆی ئەنجامی ئه‌و ریفراندۆمه‌كه‌ هاتووەتەئاراوە، هەڵبوەشێنرێتەوە.

بەپێی مادەی 94ی دەستووری عیراق، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری یەکلاکەرەون و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندبن.

جاسم بەیاتی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا و كەسی نزیك لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق راگەیاند: هەفتەی داهاتوو دیاریكراوە بۆئەوەی وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ وەفدی حكومەتی فیدراڵی كۆببێتەوە.

بە وتەی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عیراق لە كۆبوونەوەكەدا لایەنی عیراقی چەند تەوەرێكی دەستنیشان كردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وەفدی هەرێم، لەوانە كەرتی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان و پێشمەرگە.

وتیشی: "بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری لایەنە سیاسییەكان بەشداربن بۆ ئەوەی گفتوگۆیەكی روون و ئاشكرا بێت لە چوارچێوەی دەستووردا".

لای خۆیه‌وه‌ د. به‌ختیار شاوه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: چاوه‌ڕوانده‌كرێت گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ست پێبكات، به‌ڵام ئاسان نابێت بوترێت به‌ یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئه‌وه‌شی وت: "ئێمه‌ داوامان كردووه‌ وه‌فده‌كه‌ حزبی نه‌بێت و حكومی بێت، هه‌روه‌ها نوێنه‌ری سه‌رجه‌م حزبه‌كانی تیادا بێت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌ چواچێوه‌ی ده‌ستووردا له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێ بكات، به‌ڵام به‌غدا مه‌رجی ئه‌وه‌ی داناوه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌رێم به‌ فه‌رمی ئه‌نجامی ریفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا دادگای فیدراڵی عیراق به‌ فه‌رمی نا ده‌ستووری بوونی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی هه‌رێمی راگه‌یاند و فه‌رمانیدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و لێكه‌وتانه‌ی له‌ ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.

هــ. ر


AM:11:33:23/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 18388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو